سەردێر

خوێندن دەستیپێكردەوە

 

خەڵك-ئارام سەردار

دوای ئەوەی بەهۆی ڕەوشی تەندروستی و بڵاوبوونەوەی كۆڕۆنا كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان تاوەكو ئەمڕۆ دواخرا، بەڵام بەپێی بڕیاری لێژنەی باڵای ڕووبەڕووبونەوەی كۆڕۆنا ئەمڕۆ دەرگای قوتابخانەكان كرایەوە.

ئەمڕۆ یەك شەممە ٧ی شوباتی ٢٠٢١ لەسەرجەم ناوەندەكانی خوێندنی شاری هەولێر پڕۆسەی پەروەردە دەستیپێكردەوە و ڕێكاری تەندروستیش دەگیرێتەبەر، قوتابیان دەبێت دەمامك ببەستن.

شێوازی دەوامكردن بەشێوەی ڕۆژێك ناڕۆژێك دەبێت و پۆلەكانی خوێندن دابەشی سەر ڕۆژەكانی هەفتەكراون و هەر قۆناغێك لەهەفتەیەكدا سێ ڕۆژ دەوام دەكەن.

كردنەوەی دەرگەی قوتابخانەكان لە حاڵێكدایە هێشتا مەترسییەكانی كۆرۆنا نەڕیونەتەوە، بەڵام وەزارەتی پەروەردە رێنمیایی تایبەتی دەركردووە هەر پۆلێك یان قوتابخانەیەك چەند توشبوویەكی كۆرۆنایان تێدا دەربكەوێت دادەخرێن.

كێشەكەیەكی دیكە كە ڕووبەڕووی پرۆسەی خوێندن بووەتەوە، دابەشنەكردنی مووچەیە لە كاتی خۆیدا، هەرچەندە بەپێی زانیارییەكان حكومەتی بە نیاز مانگانە مووچە دابەش بكات، بەڵام نازانرێت سەركەوتوو دەبێت یان نا.

كێشەیەكی دیكە لەوەدایە كە مانگانەش مووچە دابەش بكرێت بە لێبڕینەوە دەبێت، ئەوەش نابێتە وەڵام بۆ خواستی مامۆستایان بۆ دەستپێكردنەوەی دەوامی تەواوەتی، چونكە مامۆستایان خوازیاری مووچەی بێ لێبڕین و مانگانەی بەردەوامن.