سەردێر

عیراق چاوەڕێی هەرێمە

خەڵك – نزار جەزا
ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، تاكو ئێستا هەرێم وەڵامی نوێترین پێشنیازی عیراقی نەداوەتەوە لەبارەی چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ نەوتی هەرێم.

ڕێبوار كەریم ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، كێشە سەرەكییەكەی دانوستانی هەرێم و بەغداد ئەوەیە، كە هەرێم ئامادەنییە نەوت ڕادەستی بەغداد بكات و بەپێی دەستوور مامەڵە لەگەڵ نەوت بكات، لایەنی بەغدادیش ڕۆژ لەدوای ڕۆژ داواكارییەكانیان زیاد و قورس دەبێت.

ئاماژەی بەئەوەشدا، ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت زیانی بۆ كورد هەیە و دەبێت چارەسەر بكرێت، چارەسەرەكەش ئەوە نییە كە ڕۆژ بەڕۆژ ڕێكەوتن دوابخەن.

باسی لەئەوەشكرد، دەبێت چارەسەری بنەڕەتی بۆ كێشەكان بكرێت، ئەگەر نەگەیشتنە ڕێكەوتن دەبێت بیر لە جێگرەوەیەك بكرێتەوە، وەك پەرلەمانتاران چەند ڕێگەیەكی جێگرەوەیان پێشنیاز كردووە ، بۆ نمونە حكومەتی عیراق مامەڵە لەگەڵ پارێزگاكان بكات كە ئەمە تەواو دەستوورییە.

وتیشی: هیوادارین هەرێم و بەغداد بگەنە ڕێككەوتن بۆئەوەی چارەسەری ئەم دۆخە بكرێت و كێشەی هاووڵاتیان چارەسەرببێت.

ئاماژەی بەئەوەشدا، ئومێدی هەیە كە هەرێم و بەغداد ڕێكبكەون و هەموو هەوڵێك بۆ ئەوە دەدەن، بەڵام بڕوای بەچاكسازی هەرێم نییە و هیوای پێی نەماوە.

ئەوەشی خستەڕوو، پێشنیازێكی نوێ بەهەرێم دراوە، كە خۆی نەوت دەربهێنێت و بەغداد بیگوازێتەوە و بیفرۆشێت، ئەگەر هەرێم بەم پێشنیازە ڕازیبێت، وەفدەكەی هەرێم دەگەڕێتەوە بۆ بەغداد و ڕێككدەكەون.

وتیشی، تاكو ئێستا هەرێم هیچ وەڵامێكی نەبووە و لەئێستادا خەریكی تاووتوێكردنی پێشنیازەكەن.

ئەمە لەكاتێكادایە پلاتفۆڕمی كوردستان بۆ پرسە نیشتیمانییەكان ڕاپرسییەكی لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغداد خستەڕوو، كە دەركەوت لەسەدا 62.9ی بەشداران پێیان باشە ئەگەر كێشەكانی هەرێم و بەغداد چارەسەرنەكران، پارێزگاكان بەجیا پەیوەندییەكانیان لەگەڵ بەغداد ڕێكبخەن، لەلایەكی دیكەوە لەسەدا 72.2ی بەشداران پێیان باشە مووچەی فەرمانبەران ڕاستەوخۆ لەبەغدادەوە بدرێت.