سەردێر

“مامەڵەی سلێمانی لەگەڵ بەغداد هەڵەیەكی گەورەیە”

سلێمانی – نزار جەزا
وتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسلێمانی و هەڵەبجە ڕایدەگەیەنێت، ئەو كەسانەی لەگەڵ مامەڵەكردنی پارێزگای سلێمانین لەگەڵ بەغداد بەشێوەی سەربەخۆ، بڕیارەكەیان لەقوڵایی باوەڕیانەوە نییە.

فارس نەورۆڵی وتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسلێمانی و هەڵەبجە بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئەو كەسانەی لەگەڵ مامەڵەكردنی پارێزگای سلێمانین لەگەڵ بەغداد بەشێوەی سەربەخۆ، بڕیارەكەیان لەقوڵایی باوەڕیانەوە نییە، بەڵكو پەیوەندی بەو بارودۆخە داراییەوە هەیە كە خەڵك موچەی نییە و لەدۆخەكە بێزارن.

وتیشی: بۆیە جێگەی بڕوا نییە خەڵكی پارێزگای سلێمانی كە لەڕیزی پێشەوەی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كوردبوون، ئێستا لەگەڵ ئەوەبن ئەو ڕەنجە بەبادەن و پێشكەشی بەغدادی بكەن.

ئاماژەی بەئەوەشدا، هەر كاتێك بەغداد دەسەڵاتی هەبێت نایەوێت هەرێم و بەغداد ڕێكبكەون بەڵكو دەیەوێت كورد خۆی ڕادەستی بەغداد بكات.

باسی لەئەوەشكرد، لامەركەزیەت لەبەرنامەی حكومەتی هەرێم خۆیدا هەیە، بەڵام گەڕانەوەی سلێمانی بۆسەر بەغداد هەڵەیەكی ستراتیژی گەورەیە و هەرێم پەرتەوازە دەبێت، هەروەك نێچیرڤان بارزانی دەڵێت: ئەگەر هەرێم بوو بەدوو بەش واتە هەرێم یەكسانە بەسفر.

ناوبراو لەبارەی ئەوەی كە ئێستا هەرێمی كوردستان لەهەندێك ڕووەوە دوو ئیدارەییە دەڵێت: ئەوەش ڕاستە و كەموكوڕی هەیە، بەڵام پێویستە چارەسەربكرێن و هیچ شتێك لەدەرەوەی عەقڵ نییە و چارەسەری هەیە.

زیاتر ڕوونیكردەوە، ئەمەی كە هەیە لەئەنجامی هێزی بیركردنەوەی كوردە كە یەكتری قبوڵناكەن، كە بۆتە كلتورێك، لەگەڵ ئەمەشدا پەرلەمان و حكومەت و دامەزراوەكان هەن، بۆیە هێشتا ئەم دۆخە باشترە لەوەی هەرێم پەرتەوازەتربێت.

ئەمە لەكاتێكادایە پلاتفۆڕمی كوردستان بۆ پرسە نیشتیمانییەكان ڕاپرسییەكی لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغداد خستەڕوو، كە دەركەوت لەسەدا 62.9ی بەشداربوان پێیان باشە ئەگەر كێشەكانی هەرێم و بەغداد چارەسەرنەكران، پارێزگاكان بەجیا پەیوەندییەكانیان لەگەڵ بەغداد ڕێكبخەن، لەلایەكی دیكەوە لەسەدا 72.2ی بەشداران پێیان باشە مووچەی فەرمانبەران ڕاستەوخۆ لەبەغدادەوە بدرێت.