سلێمانی ـ نزار جەزا
ئەمڕۆ شەممە پلاتفۆڕمی كوردستان بۆ پرسە نیشتیمانییەكان ڕاپرسییەكی لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغداد خستەڕوو.
لەو ڕاپرسییەدا، كە لەهەموو هەرێمی كوردستان ئەنجامدراوە نزیكی سێ هەزار كەس بەشداری كردووە، لەسەدا 93.5ی بەشداربووان پێیانوایە كێشە لەنێوان حكومەتەكانی هەرێم و عیراق هەیە و لەسەدا 55.4ی بەشداران پێیانوایە كێشەكان حزبیین.
هەر بەپێی ڕاپرسییەكە، لەسەدا 45.2ی بەشداران پێیانوایە حكومەتی هەرێم كەمتەرخەم و لایەنی بەرپرسە لەچارەسەرنەكردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداد، بەڵام لەسەدا 39.1ی بەشداران پێیانوایە حكومەتی عیراق بەرپرسە.
لەڕاپرسییەكەدا لەسەدا 62.9ی بەشداران پێیان باشە ئەگەر كێشەكانی هەرێم و بەغداد چارەسەرنەكران، پارێزگاكان بەجیا پەیوەندییەكانیان لەگەڵ بەغداد ڕێكبخەن، لەلایەكی دیكەوە لەسەدا 72.2ی بەشداران پێیان باشە مووچەی فەرمانبەران ڕاستەوخۆ لەبەغدادەوە بدرێت.
ئەم ڕاپرسییە لەكاتێكدایە حكومەتی هەرێم و حكومەتی عیراق ماوەی چەند ساڵێكە كێشەیان هەیە و تاكو ئێستا نەتوانراوە كێشەكانیان چارەسەربكەن.