سەردێر

“200 ملیار دیناری چاودێری كۆمەڵایەتی هەرێم دیارنامێنێت”

خەڵك-

ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، لە كۆی‌ ٣٩٦ ملیار دینار بۆ تۆڕی‌ پاراستن كە لە بەغدای‌ وەرگرتووە، حكومەتی‌ هەرێم تەنها نزیكەی‌ ١٠٠ ملیار دیناری‌ دابەشكردووە.

عومەر گوڵپی ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، لە ساڵی‌ (٢٠٢٠)دا، لە بەشە بوودجەی‌ تەرخانكراو بۆ پاڵپشتی‌ تۆڕی‌ پاراستنی‌ كۆمەڵایەتی‌(چاودێری‌ كۆمەڵایەتی‌) لە حكومەتی‌ فیدراڵی‌ بەغدا، حكومەتی‌ هەرێم بڕی‌ (٣٩٦) ملیار دیناری‌ وەرگرتووە، بەڵام لەو بڕە تەنها نزیكەی‌ (١٠٠) ملیار دیناری‌ بە (هەشت جار) بۆ هاووڵاتیانی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەتی خەرجكردووە، لەكاتێكدا دەبوو بەلای‌ كەمەوە (144)ملیار دیناریان بۆ خەرج بكات.
وتیشی، “ئەو (396) ملیار دینارە لە ژێر فەصڵ‌و ماددەی‌ (چاودێری‌ كۆمەڵایەتی‌) بەمجۆرە خەرج كراوە: (لە مانگی‌ یەك 70 ملیار، لە مانگی‌ سێ 140 ملیار، لە مانگی‌ پێنج 71 ملیار، لە مانگی‌ نۆ 55 ملیار، لە مانگی‌ دە 56 ملیار) ئەم بڕانەش دەكاتە تەنها لە 3%ی‌ سەرجەم بڕە پارەی‌ تەرخانكراو بۆ چاودێری‌ كۆمەڵایەتی‌ لە بودجەی‌ حكومەتی‌ فیدراڵی كەسەرجەمی‌ بڕەكەی‌ دوانزە ترلیۆن و حەوت و سەدو چوار ملیار دینار‌ بووە لە 2020”.

ڕوونیشیكردەوە، هاووڵاتیانی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت بەپێی‌ یاسا بڕێك هاوكاری‌ وەردەگرن، ١٠٠ هەزار بۆ ئەو هاووڵاتیانەی‌ مووچەی‌ تریان هەیەو ١٥٠ هەزار دینار بۆ ئەوانەی‌ هیچ مووچەیەكیان نییە، پارەكە مووچە نییە تا لە بەرانبەر دەوامدا وەریگرن، بەڵكو هاوكاریی‌و پاڵپشتییە، لە ساڵی‌ (٢٠٢٠) دەبوو (١٥) جار هاوكاری‌ وەرگرن، سیانیان لە هاوكاری‌ دواكەوتووی‌ ساڵی‌ (٢٠١٩)و (١٢)شیان لەماف و شایستەی‌ (٢٠٢٠)، بەڵام حكومەتی‌ هەرێم تەنها (٨) جار هاوكارییەكەی‌ دابەشكردووە كە بریتی‌ بووە لە سیانی‌ ساڵی‌ ٢٠١٩ و پێنجی‌ ساڵی‌ ٢٠٢٠، واتە حكومەتی‌ هەرێم حەوت جار هاوكاری‌ هاووڵاتیانی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت قەرزارە لەو ساڵەدا.

جەختی لەوەش كردەوە، ئەو بڕە پارەیەی‌ حكومەتی‌ هەرێم لە بوارو ماددەی‌ چاودێری‌ كۆمەڵایەتی‌ وەریگرتووە بەشی‌ تەواوی‌ ١٥ جار هاوكاری‌ كەمئەندامانی‌ دەكردو نزیكەی‌ ١٤٠ ملیار دیناریشی‌ دەمایەوە، بەڵام حكومەت تەنها نزیكەی‌ ١٠٠ ملیار دیناری‌ دابەش كردووە.