سەردێر

پێدانی پێشینەی خانووبەرە دەستی پێكرد

خەڵك-
بانكی خانووبەرەی عیراق دەستپێكردنی پێدانی پێشینەی خانووبەرەی بە هاووڵاتیان و فەرمانبەران ڕاگەیاند و ئاشكراشی كرد، كە بڕەكەی دەگاتە 125 ملیۆن دینار و بە قیستی 20 ساڵ دەدرێتەوە.

بانكی خانووبەرەی حكومەتی عیراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، دەستیان بە پێدانی پێشینەی خانووبەرە كردووە بۆ هاووڵاتیان و فەرمانبەران، كە بە ماوەی 20 ساڵ دەدرێتەوە و شێوازی پێدانی پێشینەكەش بە دوو جۆرە.

ڕوونیشی كردۆتەوە، بۆ كڕینی یەكی نیشتەجێبوون بڕی 100 ملیۆن دینار دەدرێت بەشێوەی قەرزی نیشتەجێبوون، بەڵام بۆ كڕینی یەكەی نیشتەجێبوون لەناو كۆمەڵگەكانی نیشتەجێبوون، كە بەشێوەی وەبەرهێنان دروست كراون بڕی 125 ملیۆن دینار دەدرێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، لە هەفتەی داهاتووەوە لەگەڵ بانكی ناوەندیدا دەست دەكەن بە ڕاوێژكردن بە مەبەستی پێدانی پێشینەی خانووبەرە و قەرزی نیشتەجێبوون بە فەرمانبەران و هاووڵاتیان و مەرجەكانیش بڵاودەكەنەوە.