خەڵك-
كەمپینی یەكڕیزی ژنان دژی توندوتیژ و داگیركاری ڕایدەگەیەنێت، پێویستە سنوورێك بۆ توندوتیژییەكان دژی ژنان دابنرێت.
كەژاڵ عەبدولقادر، وتەبێژی كەمپینی یەكڕیزی ژنان دژی توندوتیژ و داگیركاری لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بازرگانیكردن و كۆمەڵكوژی لەسەر ژنان كۆمەڵ بەرەو هەڵدێر دەبات و بەناوی جیاوازەوە كوشتنی ژنان ڕووی لە زیادبوون كردووە و پێویستە ڕێی لێبگیرێت، چونكە ئەو كۆمەڵكوژییەی لەم هەرێمە دژی ژنان بەڕێوەدەچێت هەمان ئەو عەقڵیەتەیە، كە داعش لە شنگال دژی كورد كردی.
وتیشی، “یانە شەوانەكان لایەنێكیتری تێكدانی كۆمەڵ و خێزانە، كە ترسانكترین فاكتەرە بۆ داڕمان و پەرتبوونی خێزان و هاوكات ژن و منداڵ قوربانی سەرەكین لەو دۆخە ئابووریەی، كە گوزەرانی خەڵكی خراپ كردووە”.
ئاشكراشیكرد، وەكو كەمپنی یەكڕیزی ژنان داوا دەكەین كۆنگرەی نەتەوەیی ژنان ببەسترێت، چونكە ژنان لە هەر كوێ بن ئازارمان یەكە و پێویستە یەكڕیز بین و ببینە چارەسەری هەموو كێشەكان.
كەمپینەكە داواش دەكات، ئەو بازرگانیانەی كە بە جەستەی ژنانەوە دەكرێت، هەموویان ڕابگیرێن، چونكە تاك و كۆمەڵگە و خێزان وێران دەكات، تەنها ژنیشە باجی ئەوە دەدات و لەشكڕەكان شانازی دەكەن بە كڕینی جەستەی ژنانەوە.
ڕوونیشیكردەوە، ئەو ژنانەی لە شوێنی كەرتی تایبەت كار دەكەن بپارێزرێت لە كێچەڵی كارمەند و خاوەن كار و دەزگایەك هەبێت بەبێ ترس هانای بۆ بەرن و سزای بكوژان و تاوانكارانی دژ بە ژن بدرێت، چونكە سزا نەدانی تاوانكاران هۆكارێكی ترە بۆ بەردەوامی ژن كوشتن.
كەمپینەكەی داواش دەكات، سنورێك دابنرێت بۆ “درامای توركی” و ئەو درامایانەی زیانیان بۆ سەر بیری تاك هەیە و سانسۆریش بخرێتە سەر بەرنامەی “تیك تۆك” كە زیانێكی زۆری بۆسەر گەنج و منداڵ هەیە.