“کرێکاران وەک کۆیلەی مۆدێرن کاریان پێدەکرێت”

سەردێر

سلێمانی ـ نزار جەزا
ئەمڕۆ شەممە لەشاری سلێمانی لەزنجیرەیەك پانێڵدا ڕەوشی ژینگەی كار و ژیانی كرێكاران لەئەمڕۆدا خرایەڕوو.

ڕەوشی كرێكاران تادێت خراپتر دەبێت، بەشێك لە خاوەنكارەكان “وەك كۆیلەی مۆدێرن” مامەڵە لەگەڵ كرێكار دەكەن، بەجۆرێك لەهەندێك شوێنكاردا كرێكار دەبێت هەشت كاتژمێر بەپێوە بوەستێت.

هیوا عومەر، سەرۆكی تایبەتمەندی كرێكارانی حزبی شیوعی كوردستان ڕایگەیاند، كەرتی تایبەت لەكوردستان بوونی نییە، بەڵكو ئەوەی هەیە كەرتی تاكەكەسییە و وەك كۆیلەی مۆدێرن مامەڵە لەگەڵ كرێكار دەكەن، بەتایبەت دۆخی ڕەگەزی مێینە و كرێكارانی بیانی لەدۆخێكی خراپدان.

كرێكار بەو كەسە دەوترێت، كە كارێكی بەردەوامی نییە، نە خاوەن كارە، نە كارمەندە لەكەرتی گشتی.

گوڵستان سەعید، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەو پانێڵەدا ڕایگەیاند، لەهەرێمی كوردستان تاكو ئێستا یاسایەكی تایبەتی بۆ كار دەرنەكراوە، بەڵام سێ یاسا هەیە، كە لەگەڵ كاردا گونجێنراوە.

ئەوەشی خستەڕوو، لەهەوڵدان ئەو یاسایانەی تایبەتن بەكار هەمواربكەنەوە بۆئەوەی لەگەڵ دۆخی ئێستای كرێكاران بگونجێت.

باسی لەئەوەشكرد، خاوەنكار بەویستی خۆی كرێی كاركردن دادەنێت و ئەو گرێبەستەی لەنێوان خاوەنكار و كرێكاردا دەكرێت، پێوەی پابەندنابن، هەروەها ئەم گربەستە گرفتی بۆ یاسای دەستەبەری كۆمەڵایەتی دروستكردووە، چونكە پێویستە خاوەنكار دەستەبەری كۆمەڵایەتی بدات و ئەوان نایدەن.

زیاتر لەملیۆنێك كرێكار لەكەرتی تایبەت لەهەرێمی كوردستاندا كاردەكەن، كە بەناونیشانی جیاواز كار دەكەن و پێویستە لەژێر یاسایەكدا كاركردنیان ڕێكبخرێت، بۆئەوەی مافی تەواویان پێبدرێت و پێشێلی مافەكانیان نەكرێت.

هۆگر عەلی، ڕاوێژكار لەوەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی هەرێم لەو پانێڵەدا ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، لەهەرێمی كوردستان پڕۆژە یاسای خۆیان هەیە و ڕاوبۆچونی شارەزایانیان وەرگرتووە و ئێستا لەئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمە، تاووتوێ دەكرێت، كە تایبەتە بەكرێكاران و كار لەهەرێمی كوردستان.

لەگەڵ ئەوەی لەهەر پارێزگایەكی هەرێم لیژنەیەكی هەشت كەسی هەیە، بەڵام بەشێك لە خاوەنكارەكان دەستەبەری كۆمەڵایەتی بۆ كرێكاران ناكەن، حكومەتی هەرێمیش ناتوانێت چاودێربێت بەسەر ئەم خاوەنكارانەوە.

ئەحمەد محەمەد، ئەندامی مەكتەبی تەنفیزی سەندیكاكانی كرێكاران ڕایگەیاند، ئەو یاسایانەی لەهەرێمی كوردستان هەن، لە تموحی كرێكاران و سەندیكاكانی كرێكاراندا نییە و پێویستە یاساكان گونجاوتربن.

بەشێك لەهاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان لەكەرتی تایبەت كار دەكەن و پێویستیان بەوەیە مافەكانیان پارێزراوبن، ئەمەش بەبوونی یاسایەكی باش و چاودێرییەكی باشی حكومەتی هەرێم دەبێت.

No description available.