سەردێر

ئەمڕۆ دەرگای خوێندنگەكان دەكرێنەوە

خەڵك-

دوای بڕیاری كردنەوەی دەرگای خوێندنگەكان لەلایەن لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بڕیارە ئەمڕۆ دەرگای خوێندنگەكان بەڕووی مامۆستایاندا بكرێنەوە.

بەپێی بڕیارەكە، سبەینێ یەك شەممە خوێندكاران دەڕۆنەوە بۆ هۆڵەكانی خوێندنگە و هاوكات شێوازی دەوامی خوێندكارانیش بەشێوەی تەناوب دەبێت، واتە ڕۆژ نا ڕۆژێك، ئەمەش لەكاتێكدایە، ناوەڕاستی مانگی ڕابردوو پڕۆسەی خوێندن بۆ قۆناغی دوانزەی ئامادەیی دەستیپێكرد و هەموو ڕۆژێكیش دەوامی خۆیان دەكەن.

هاوكات مامۆستایانی ناڕازی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی خوێندن بە مووچەی تەواوی مامۆستایان و فەرمانبەران دەستپێدەكات.

ئاشكراشی دەكەن، پێویستە حكومەت 30 ڕۆژ جارێك و بەبێ لێبڕین مووچە دابەش بكات، ئەوكات دەگەڕێنەوە هۆڵەكانی خوێندن، ئەگەرنا بایكۆت هۆكارێكی خۆڕسكی مامۆستایانە و پشتگیری دەكەین.

ئەمەش لەكاتێكدایە، حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری داوە مانگانە مووچە دابەش بكات بەپێی ئەو داهاتەی لەبەردەستە و بەپێی زانیارییەكانیش، 24ی ئەم مانگە بە لێبڕینی 20% دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكرێت.