سەردێر

لەبارەی كەشوهەواوە هۆشداری بە هاووڵاتیان دەدرێت

خەڵك-
بەپێی ڕاپۆرتە كەشناسییەكان، ئەمڕۆ لە چەند ناوچەیەكی هەرێم باران بارین بەردەوام دەبێت و سبەینێ‌ كۆتایی بەم شەپۆلە دێت و هۆشداریش دەدرێتە هاووڵاتیان و شۆفێران لە دروست بوونی تەم و مژ بەتایبەتی لە ناوچە شاخاوییەكان.

ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، لە كاتەكانی ئەم بەیانییەوە بۆ نیوەڕۆ ئاسمانی زۆرێك ناوچەكان بە ھەوری تەواو ئەمێنێتەوە لەگەڵ ئەگەری دروستبوونی تەم و مژی چڕ بەتایبەت لەناوچە شاخاوییەكان و نزیك شاخاوییەكان.

ڕاشیگەیاند، كاتی دوای نیوەڕۆ تا ئێوارە دووبارە ئەگەری بارانبارینی پچڕ پچڕ و مامناوەند ئەبێتەوە بەتایبەت لە ھەندێ لەناوچەكانی سنوری سلێمانی و گەرمیان و ھەڵەبجە و كەركوك، بەڵام لەناوچەكانی دیكەی ھەرێمی كوردستان كەش ئاسای ئەبێت و ئەگەری بارانبارین نابێت.

ئەو شارەزایەی كەشناسی پێشبینی ئەوەشی كرد، “لەكاتەكانی ئێوارە و شەودا بەتەواوی لەو ناوچانەش كەش ئاسای ئەبێتەوە و كۆتایی بەو شەپۆلە بارانبارینە دێت”.