سەردێر

یەكێتی و پارتی، هێزی كاكەییەكانیان لەنێوان خۆیاندا دابەشكرد

خەڵك-

حكومەتی هەرێمی كوردستان هێزێكی بۆ كاكەییەكان دروست كرد بەمەبەستی پاراستنی ناوچە كاكەیی نیشینەكانی كەركوك و نەینەوا، بەڵام ئێستادا هێزەكە دابەشكراوە و بەشێكیان گواستراونەتەوە بۆ سەر هێزەكانی 80 ی سەر بە پارتی، بەشەكەی تریشیان بۆ سەر هێزەكانی 70ی سەر بە یەكێتی.

مەریوان كاكەیی، سەرپەرشتیاری هێزی كاكەییەكان بە (دەنگی ئەمریكا)ی ڕاگەیاند، هێزی كاكەییەكان دابەشكرا، جێگرەكەم كە پارتی بوو بەخۆی و 120 كەسەوە خراوەتەسەر هێزەكانی 80، منیش لەگەڵ 320 كەس گوازرامەوە سەر هێزەكانی بەرگری و فریاكەوتن، ئەگەریش پەیوەندی لەنێو هێزی كاكەییەكان مابێت، پەیوەندی خزمایەتی و برادەرییە، نەك پەیوەندی سەربازی.

وتیشی، “دۆخی كاكەییەكان لەو ناوچانە باش نیە، بەڵام لە ساڵێك پێش ئێستا باشترە، پۆلیسی فیدڕاڵیش لەو ناوچانە نەماوە و سوپای بۆ نێردراوە، بەڵام ناوچەكە وەكو پێویست ئەمان نیە.”

ناوبەناو هێرش دەكرێتەسەر ناوچە كاكەیی نیشینەكانی كەركوك و دیالە، بەشێك لە كاكەییەكان گومان دەكەن، هێرشەكان دەستی هێزی تری لە پشتەوە بێت و لەبەرگی داعشدا ئەنجام بدرێن.