سەردێر

رووفاتی ١٠٤ قوربانی بەخاك دەستپێدرێن

خەڵك-
بڕیارە سبەینێ‌ شەممە رووفاتی ١٠٤ لە قوربانیانی گوندی كۆجۆ لە رێورەسمێكدا لە زێدی خۆیان بەخاك بسپێردرێن كە لە ساڵی ٢٠١٤دا لە ئاكامی هێرشی داعش بۆ سەر گوندەكەیان كوژران.

بەپێی زانیاریەكان، لەگەڵ گەڕاندنەوەی رووفاتی ئەو ١٠٤ قوربانییە تیمەكانی هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان لە ناوچەكەدا لەسەر ئەركی خۆیان بۆ دۆزینەوە و دەستنیشانكردنی گۆڕی بە كۆمەڵی دیكە لە ناوچەكەدا و دەرهێنانەوەی قوربانیان بەردەوامن.

ئەو تیمانە دەست دەكەن بە كۆكردنەوەی بەڵگەنامە و ناردنی سامپڵی قوربانیان بۆ ئەوەی بناسرێنەوە.

لە رابردوودا ٢٠ گۆڕی بە كۆمەڵی قوربانیانی ئێزدی لە ناوچەكە دۆزراونەتەوە و رووفاتەكان لە لایەن حكوومەتی فیدڕالەوە بە هەماهەنگیی لەگەڵ وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان رەوانەی پزیشكی دادی بەغدا كراون.

لە كاتی هێرشی داعشدا بۆ سەر گوندی كۆجۆ، هەزار و ٢٠٠ كەس لە دانیشتوانی گوندەكە رفێندراون و بە پێی ئامارە نافەرمییەكان لەو ژمارەیە ٧٠٠ كەسیان كۆمەڵكوژ كراون كە تا ئێستا رووفاتی ٢٤٦ رووفاتیان دۆزراونەتەوە و رەوانەی پزیشكی دادوەری بەغدا كراون كە لەو ژمارەیە تەنیا ١٠٤ كەسیان ناسراونەتەوە.

لە ساڵی 2014 دانیشتوانی گوندی كۆجۆ بەرەورووی گەورەترین كۆمەڵكوژی لە لایەن رێكخراوی تیرۆریستی داعشەوە بوونەوە.

گوندی كۆجۆ بە دووری ٢٥ كیلۆمەتر دەكەوێتە باشووری قەزای شنگال،، ھەڵكەوتووە كە بە گەورەترین گوندی ئێزدییەكان و دوا سنووری ناوچەكانی نیشتەجێی ئێزدییەكان دادەنرێت. دانیشتوانی گوندی كۆجۆ بەر لەو كارەساتەی بەرامبەریان ئەنجام بدرێت، ٧٨٠ خێزان بوون و لە عەشیرەتی “مەنتكان”ی ئێزدییەكانن.



هەلبژاردە

گرنگترینەکان