سەردێر

كەعبی ناكۆكیەكانی عیراق و هەرێم لەسەر بودجە ئاشكرادەكات

خەڵك-
جێگری یەكەمی سەرۆكی پەڕلەمانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، كە ناكۆكییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان لەسەر ژمارە و لایەنی هونەرییە و گفتوگۆكان بەشێوەیەكی باش بەڕێوەدەچن و دەشڵێت: “بودجەی 2021 مافی سەرجەم هاووڵاتیانی لە زاخۆوە تاوەكو بەسڕە دابین كردووە”.

حەسەن كەعبی، جێگری یەكەمی سەرۆكی پەڕلەمانی عیراق لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، گفتوگۆكان لەنێوان حكومەتی فیدڕاڵی و حكومەتی هەرێم سەبارەت بە كێشە هەڵپەسێردراوەكانی تایبەت بە نەوت و داهاتی نانەوتی بەردەوامە.

ڕاشیگەیاندووە، گفتوگۆكان بەشێوەیەكی دروست بەڕێوە دەچن و ناكۆكییەكان تەنها لەسەر لایەنی ژمارە و هونەرییە وەك ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێم و شێوازی چاودێری دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵی و دەستەی دەستپاكی فیدڕاڵی لەسەر هەندێك كەرتی هەرێم و چۆنیەتی كۆنتڕۆڵ كردنی دەروازە فەرمی و نافەرمییەكان.

كەعبی وتویەتی، “بودجەی ئەمساڵ دەبێتە بودجەیەكی عیراقی تایبەت بە خەڵك لە زاخۆوە تاوەكو بەسڕە و شایستەیی لایەك نەدراوە بەسەر لایەكی تردا، چونكە سامانە سروشتییەكان موڵكی هەموو عیراقیەكانە”.

جەختیشی كردۆتەوە، پەڕلەمانتاران سوورن لەسەر ئەوەی نەوەكانی داهاتوو نەخرێنە ژێر باری قەرزی زیادە بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنان.