سەردێر

بۆچی منداڵ پەنجەی دەمژێت؟

خەڵك-
پزیشكێكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی منداڵان هۆكاری مژینی پەنجە لەلایەن منداڵانەوە ئاشكرادەكات و ڕایدەگەیەنێت، بۆ وازهێنان لەم خووە باشترە بەشێوازێكی نەرم و یارمەتیدەر هەڵسووكەوتی لەگەڵ بكەیت.

د. پشدەر عەبدوڵڵا، پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی منداڵان و گەشەی منداڵان بڵاویكردۆتەوە، لە 80%ی منداڵی بچوكتر لە یەك ساڵ پەنجەیان ئەمژن و ئەم ڕێژەیە كەم ئەبێتەوە بۆ 40% لە تەمەنی 4 ساڵیدا و بۆ 10% بۆ تەمەنی گەورەتر لە 5 ساڵی.

سەبارەت بە هۆكارەكانی ئەو خووەی منداڵ ڕاشیگەیاندووە، زۆر جار منداڵ، كە پەنجەی ئەمژێت لەوانەیە هۆكارەكەی بۆ ماندووبوون، ترسان، برسیبوون یان دڵتەنگی بگەڕێتەوە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، “ئەگەر منداڵەكە بەردەوام بوو لە پەنجە مژین دوای تەمەنی 4 ساڵی، لەوانەیە كێشەی ڕێكی ددانی بۆ درووست بكات”.

بۆ وازهێنانی منداڵ لەو خووە ئەو پزیشكە دەڵێت: “بۆ وازهێنان لەم خووە باشترە بەشێوازێكی نەرم و یارمەتیدەر هەڵسووكەوتی لەگەڵ بكەیت بەشێوازێك، كە هەركاتێك وازی لێهێنا پاداشتی بكەیت و باسی ئەنجامە خراپەكانی پەنجە مژینی بۆ بكەیت”.