سەردێر

ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربونەوەی نەخۆشی شێرپەنجە بوو

خەڵك-
وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت ، لە ٤ی شوباتی هەموو ساڵێك لە سەرتاسەری جیهان یادی رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی شێرپەنچە دەكرێتەوە، دەشڵێت ،”لە ساڵی ٢٠٢٠ لە هەرێمی كوردستان ٦٢٩٣ توشبووی شێرپەنچە تۆماركراوە”.

وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، ‎لە ٤ی فێبرایەری هەموو ساڵێك لە سەرتاسەری جیهان یادی رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی شێرپەنچە دەكرێتەوە، كە تیایدا چەندین چالاكی جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێت بۆ پشتیوانیكردنی تووشبوانی شێرپەنچە و چۆنیەتی خۆپاراستن و زوو دەستنیشانكردنی نەخۆشیەكە.

ئاماژەبۆ ئەوەشكراوە، كە بە پێی راپۆرتەكانی رێكخراوی تەندروستی جیهانی شێرپەنچە بە دووەم هۆكاری مردن دادەنرێت لە هەموو جیهان بە جۆرێك ١ لە هەر شەش مردوو بەهۆی شێرپەنچەیە و هەمان سەرچاوە ئاماژە بەوە دەكات، كە ساڵانە لە نێوان ٧ بۆ ١٠ ملیۆن كەس بە نەخۆشی شێرپەنچە كۆچی دوایی دەكەن و نزیكەی ٢٠ ملیۆن كەسیش بە نەخۆشیەكە تۆماردەكرێن .

ئەوەشخراوەتەڕوو، لە هەرێمی كوردستان ساڵانە ئەم یادە بە هەند وەردەگیرێ لەلایەن وەزارەتەوە بۆ پشتیوانیكردنی تووشبووان، هەر لەو ڕۆژەدا چەندین هەڵمەتی هۆشیاری بڵاودەكرێتەوە بۆ خۆپاراستن لەم نەخۆشیە و زوو دەستنیشانكردنی كە هۆیەكی سەرەكیە بۆ كەمكردنەوەی ژمارەی توشبوان و مردووان بەم نەخۆشیە .

ئاشكراشیكردووە، ‎لە ساڵی ٢٠٢٠ لە هەرێمی كوردستان ٦٢٩٣ توشبووی شێرپەنچە تۆماركراوە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٢٠١٩ كە ٧٨٣١ تۆماری نەخۆشی شێرپەنچە هەبووە ، كەمبونەوەی رێژەی توشبوون لە ساڵی٢٠٢٠ بە بەراورد بە ساڵی ٢٠١٩ دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆكارێك و گرنگترینیان كەمبونەوەی رێژەی تۆماركراوان، كە لە ناوەراست و خوارووی عیراق لە هەرێمی كوردستان تۆماردەكران ئەمەش بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ڤایرۆسی كۆرۆنا و كەمبوونەوەی ژمارەی ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان.

لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، شێرپەنچەی مەمك زۆرترینە بە رێژەی ١٨.٥٨% و رێژەی تووشبوونیش لە رەگەزی مێ زیاترە لە رەگەزی نێر بە جۆرێك، كە ‎ژن ٥١.٨٦% و ‎پیاو ٤٨.٥٩% تووشدەبن .



هەلبژاردە

گرنگترینەکان