سەردێر

رۆژئاوا و دیمەشق رێككەوتن

خەڵك-

ئەندامێكی نوێنەرایەتی كانتۆنەكانی رۆژئاوای كوردستان لە هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند ناوچە كوردییەكان ئێستا ئارامن و لەژێر فشاری ڕوسیا، حكومەتی ئەسەد و رۆژئاوای كوردستان ڕێككەوتن لەبارەی ڕاگرتنی ئاڵۆزییەكان.

فەتحوڵڵا حوسێنی ئەندامی نوێنەرایەتی كانتۆنەكانی رۆژئاوای كوردستان بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، لەبەر ئەوەی حكومەتی سوریا دەیەوێت ئەو ناوچانەی كە ئارامن وەك حەسەكە و قامیشلۆ بیانكاتە جێگای شەڕو ململانێی سیاسی چەند جار خۆپیشاندان لەلایەن لایەنگرانی بەشار ئەسەد سەرۆكی سوریا ئەنجامدرا بەڵام شكستیان هێنا.

وتیشی، لەبەر ئەوەی حكومەتی ڕووسی كاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر سوریا ئێستا ڕێكەوتنێكی ڕووسی هەیە لەنێوان حكومەتی سوریا و رۆژئاوای كوردستان كە ڕژێمی سوریا جارێكی تر خۆپیشاندان نەكات .

ئاماژەی بەوەشكرد، گەڕەكی شەهبا و شێخ مەقسود كە گەڕەكێكی كوردین لە حەلەب لەلایەن سوریاوە گەمارۆدرابوو جموجۆڵی تێدا نەمابوو بۆیە هێزی ئاسایشی ڕۆژئاوا ئەو ناوچانەی كۆنتڕۆڵكرد و ئێستا ناوچەكە ئارامە.

وتیشی، لە ئەنجامی ئەو ئاڵۆزیانە كەسێك كوژراو سێ كەسی دیكەش برینداربوون كە هاوڵاتی مەدەنی بوون.