سەردێر

ئەنفلۆنزای باڵندە گەڕایەوە

خەڵك-
ئەنفلۆنزای باڵندە زیانێكی زۆری بە پارێزگای سەڵاحەدین گەیاندووەو بۆ ڕووبە‌ڕوبونەوەی ئەو ڤایرۆسەو ڕێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی ژوورێكی هاوبەش پێكهێنراوە.

ئیحسان خالید بەڕێوەبەری ڤێتێرنەری پارێزگای سەڵاحەدین بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاند: بۆ رێگری كردن لە بڵاوبوونەوە و نەگواستنەوەی بۆ ناوچەكانی دیكەی پارێزگاكە ‌لیژنەیەك پێكهێنراوە بۆ رووبەڕووبونەوەی نەخۆشی ئەنفلۆنزای باڵندە، كە لە ئێستادا لە چەند كێڵگەیەكی پەلەوەر تۆمار كراوە.

وتیشی: لە كێڵگە پەلەوەرییەكان نمونەكەی رەوانەی تاقیگەكانی شاری بەغدا كراوە، بۆ دڵنیابوونەوە لە جۆری ڤایرۆسەكە.

ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: ژمارەی ئەو پەلەوەرانەی توشی ڤایرۆسەكە بوون 19 هەزارە كە لە 15 كێڵگەی پەلەوەرین، بەڵام كۆنترۆڵكراون و لەلایەن وەزارەتی كشتوكاڵیشە‌وە چارەسەر دابینكراوە.

لەناوەڕاستی مانگی پێشوو پارێزگاری سەلاحەدین هەبوونی (60) هەزار توشبووی باڵندەی بە ڤایرۆسی (H5N5) راگەیاندبوو، بەڵام خاوەن كێڵگە پەلەوەرییەكان دەڵێن بەهۆی ئەنفلۆنزای باڵندەوە سەدان كێڵگەی پەلەوەرییان لەدەست داوە و زیانیكی زۆریان كردووە‌.