خەڵك-
دوای ئەوەی دوێنێ وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد لە 7-2-2021ەوە دەرگای خوێندنگەكان دەكرێتەوە، مامۆستایەكی ناڕازی دەڵێت: حكومەت هیچ ئامادەكارییەكی بۆ خوێندن نەكردووە.
عادل حەسەن مامۆستای ناڕازی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، حكومەتی هەرێمی كوردستان تا ئێستا یەك دیناری بۆ چاپكردنی كتێب دابین نەكردووە و ئەوانەشی هەیە لە كۆگاكاندا ماون و هەر ساڵی پار حكومەت نیازی چاپكردنی كتێبی نەبوو بە خوێندنگەكان وترا كتێبەكان مەفەوتێنن .
ئاماژەی بەوەشكرد دوێنێ وەزیری پەروەردە زۆر باسی خۆپارێزی كرد، بەڵام لە ڕاستیدا هیچ كەرەستەیەكی خۆپارێزی نەدراوە بە خوێندنگەكان و ئەو كاتەش دەوامی پۆلی 12 دەستیپێكردەوە دوو پاكەت دەمامك و دوو بتڵ جێڵی پاككەرەوەی دەستی دا بە خوێندگەكان كە بەشی دوو سەعات دەكات.
ئاماژەی بەوەشكرد، حكومەت هیچ جۆرە ئامادەكارییەكی نەكردووە و تەنها دەیەوێ كار بەڕێبكات و لە ڕاگەیانەدنەكان بڵێت دەرگای خوێندمان كردووەتەوە.
وتیشی، بە پیلانێكی بەرنامە بۆ داڕێژراوی جەهەنەمی حكومەتی هەرێم خوێندن و بڕوانامە بێنرخ دەكات، بەڵگەش بۆ ئەمە ئەم دۆخەی ئێستایەو تا ئەم ساتە نەوەی زانكۆ و پەیمانگەكان لە ماڵەوە دانیشتوون یەكەمەكان دانامەزرێن و خۆپیشندان دەكەن چ بگات بە ئەوانی دیكە.