سەردێر

پارتی كات و شوێنی گۆنگرەی حزبەكە دیاری دەكات

خەڵك-
بڕیارە لە مانگی مایس (5)ی ئەمساڵدا پارتی دیموكراتی كوردستان كۆنگرەی 14ی حزبەكەی ببەستێت و ڕێژەی ژنان لە سەركردایەتی دەكرێتە 20% و ژمارەیەك بەرپرسیش دەستبەرداری پۆستەكانیان دەبن.

بەپێی زانیارییەكانی (خەڵك)، لە مانگی 5ی ئەمساڵدا پارتی دیموكراتی كوردستان كۆنگرەی ١٤ی خۆی دەبەستێت و ڕێژەی ژنان لە سەركردایەتی بۆ 20% بەرزدەكرێتەوە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، بەشێكی ئەندامانی ئێستای مەكتەبی سیاسی پارتی بەهۆی تەمەن یان لایەنی تەندروستییەوە دەستبەرداری پۆستەكانیان دەبن و لەبەرامبەریشدا ژمارەیەك ئەندامی سەركردایەتی بەپێی دابەشكردنی جوگرافی دەبنە ستافی نوێی مەكتەبی سیاسی.

بڕیاریشە پارتی دیموكراتی كوردستان كۆنگرەی ئاسایی خۆی لە شاری هەولێر ببەستێت و ماوەی 3 ڕۆژ بخایەنێت.

بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر لەوبارەیەوە، (خەڵك) چەند جارێك پەیوەندی كرد بە مەحمود محەمەد، ئەنجامی مەكتەبی سیاسی و وتەبێژی پارتییەوە، بەڵام پەیوەندییەكان بەردەست نەبوون.