سەردێر

كازمی لەگەڵ هاوپەیمانی هیوا بۆ مووچەی فەرمانبەران كۆدەبێتەوە

خەڵك-
هاوپەیمانی هیوا، كە لە 15 پەڕلەمانتاری كوردی پەڕلەمانی عیراق پێكهاتوون بڕیارە لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عیراق كۆببنەوە و پڕۆژەیەك دەربارەی مووچەی فەرمانبەران بدەن بە مستەفا كازمی و پەڕلەەمانتاریچكی كورد-یش دەڵێت: “تا ئێستا ڕێككەوتن نەكراوە و ئەگەر گۆڕانكاری لە هەڵوێستی لایەنەكان ڕووبدات لە ڕۆژانی هەینی و شەممە دەبێت”.

بەپێی زانیارییەكانی (خەڵك) هاوپەیمانی هیوا لە پەڕلەمانی عیراق بڕیارە بەم نزیكانە لەگەڵ مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق كۆببێتەوە و پڕۆژەیەك دەربارەی مووچەی فەرمانبەران بداتە سەرۆك وەزیران تاوەكو فەرمانبەران دووربخرێنەوە لە ململانێ‌ سیاسییەكان.

د. غالب محەمەد، ئەندامی پەڕلەمانی عیراق و هاوپەیمانی هیوا بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، تا ئێستا هیچ پێشهاتێكی نوێ‌ لە گفتوگۆكانی نێوان هەرێم و عیراق ڕووینەداوە و هیچ ڕێككەوتنێك نەكراوە، بەڵام ئەگەر شەممە كۆبوونەوە بكرێت ئەوا ڕەنگە لە ڕۆژی هەینییەوە گفتوگۆی دیكە دەستپێبكاتەوە و هەڵوێستی دیكە بخرێتەڕوو، چونكە زۆربەی كات تاوەكو دواین قۆناغ گفتوگۆكان بەردەوام دەبن و لەدواین ساتەكاندا ڕێككەوتن دەكرێت.

ڕاشیگەیاند، سەرۆك وەزیرانی عیراق داوای بینینی هاوپەیمانی هیوای كردبوو، بەو پێیەی كوتلەیەكی گەورەی 15 پەڕلەمانتاریە و كاریگەری هەیە لە پەڕلەمان، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەشێكی پەڕلەمانتارەكان لە بەغدا نەبوون بۆیە بەنیازن سەردانی مستەفا كازمی بكەن.

ئاماژەی بەوەشكرد، تا ئێستا هیچ ڕێككەوتنێك نەكراوە، بەڵام ئەمەش بەمانای ئەوەنیە ڕێككەوتن نەكرێت.

دەربارەی ڕادەستكردنی نەوت ئەو پەڕلەمانتارە وتی، “بابەتی ڕادەستكردنی دۆسیەی نەوت یەكلایی بۆتەوە و پێموایە هەرێمیش لەوە تێگەیشتووە، كە ئەبێت نەوت ڕادەست بكەن، بۆیە ئەگەر نیازی ئەوەیان هەبێت نەوت بدەن بە عیراق ئەوە ڕێككەوتن ئاسانترە و ئەگەر نیازیشیان نەبێت نەوت ڕادەست بكەن ئەوە ڕێككەوتن ناكرێت”.

هاوكات (خەڵك) بۆ بەدواداچوونی ئەو پڕۆژەیەی دەربارەی مووچە دەدرێتە كازمی پەیوەندی بە د. ڕێبوار كەریم، ئەندامی پەڕلەمانی عیراق لە هاوپەیمانی هیوا كرد، بەڵام پەیوەندییەكەی بەردەست نەبوو.