سەردێر

دوو ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر گۆڕینی ئاڕاستەی چەند شەقامێكی سلێمانی

سلێمانی – نزار جەزا
گۆڕینی ئاڕاستەی هاتوچۆی ئۆتۆمبێل لەچەند شەقامێكی شاری سلێمانی لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا سەركەوتوو بووە و بەڕێوەبەری هاتووچۆی ناوشاری سلێمانیش جەخت لەئەوەدەكاتەوە، ئەگەر هەر گۆڕانكارییەكی دیكەی وەك قەدەغەكردنی هاتووچۆی ئۆتۆمبێل لەناوبازاڕدا پێویست بكات، ئەوا بۆ كەمكردنەوەی قەڕەباڵغی ناوشار دەیكەن.

سەعدوڵا عەزیز، بەڕێوەبەری هاتووچۆی ناوشاری سلێمانی بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، بڕیاری گۆڕینی ئاڕاستەی شەقامەكانی ناو بازاڕی سلێمانی، بەجۆرێك كە یەك ئاڕاستەبن، بەشێوەیەكی زۆر باش سەركەوتوو بوو.

ئاماژەی بەئەوەشدا، كارئاسانی زۆر باش بۆ شۆفێران كراوە و قەرەباڵغی لەناوشار كەمكردۆتەوە، بەڵام بەهۆی زۆری ئۆتۆمبێلەكانەوە هێشتا قەرەباڵغی هەر هەیە.

باسی لەئەوشكرد، لەهەوڵدان، ئەگەر هەر شەقامێك پێویستی بەگۆڕینی ئاڕاستە و هەر گۆڕانكارییەك هەبێت بۆئەوەی قەرەباڵغی كەمبكەنەوە ئەنجامی دەدەن.

ئەوەشی خستەڕوو، قەدەغەكردنی هاتووچۆی ئۆتۆمبێل لەناو بازاڕی شاری سلێمانیدا تەنها باسكراوە، ئەگەر لەدوای لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونەكان بزانن سەركەوتوودەبێت و كارئاسانی بۆ شۆفێران و كەمبوونەوەی قەرەباڵغی دەكات، ئەوا جێبەجێی دەكەن.

دوو ساڵ پێش ئێستا بەم شێوازە ئاڕاستەی بەشێك لە شەقامەكانی ناوشار گۆڕدران:

یەكەم/ شەقامی مامۆستایان (بەردەم قائیمقامیەت) لە گۆڕەپانی سلێمانی پاڵاس بەیەك ئاڕاستە و بە چوار لەین سەردەكەوێتە سەرەوە بۆ فلكەی یەكگرتن.
دووەم/ شەقامی حەمدی (قەنات) لە فلكەی یەكگرتن بەیەك ئاڕاستە و چوار لەین دەڕوات بەرەو فلكەی فریاكەوتن.
سێیەم/ شەقامی پیرەمێرد، لە فلكەی فریاكەوتن بەرەو گۆڕەپانی سەرا دەبێتە یەك ئاڕاستە و بە چوار لەین ئوتومبیل دێتە خوارەوە.
چوارەم/ شەقامی مەولەوی، جوڵەی ئۆتۆمبیل تیایدا پێچەوانە بووەوە و لە گۆڕەپانی سەرا بەرەو گۆڕەپانی سلێمانی پاڵاس بووە یەك ئاڕاستە.