سەردێر

بافڵ تاڵەبانی: كاری لەپێشینەی یەكێتی دابینكردنی بودجە و قووتی ھەرێمە

خەڵك-
هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ باڵیۆزی بەریتانیا لە عیراق كۆدەبێتەوە و چەند دەرەچەیەك بۆ دەربازبوون لە قەیرانەكان دەخاتەڕوو، هاوكات ڕایدەگەیەنێت، كاری لەپێشینەی یەكێتی دابینكردنی بودجە و قووتی ھەرێمە.

بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە هەولێر چاویكەوت بە ستیڤن هیكی، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و جەیمس سۆرنتۆن، كونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی نووسینگەی هاوسەرۆكی یەكێتی، “لە دیدارێكدا جەخت لە ھەماھەنگی و ھاریكاری زیاتری نێوان ھەردوولا كرایەوە و پەرەپێدانی پەیوەندییەكانیش دووپاتكرایەوە بەشێوەیەك، كە خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاكانی ھەرێم و جێگیریی سیاسی، ئابووری و ئارامی زیاتر لە ناوچەكە بكات”.

بافڵ تاڵەبانی ڕۆشنایی خستەسەر دوایین گۆڕانكارییە سیاسیی، ئابووری و ئەمنییەكان و ھەڵوەستەی لەسەر كێشەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا كرد و باسی لە ھەوڵەكانی یەكێتی كرد بۆ تێپەڕاندنی دۆخەكە و گەیشتن بە ڕێككەوتن لەسەر بنەمای دەستوور و بەرژەوەندی ھاوبەش.

ڕاشیگەیاند، كاری لەپێشینەی یەكێتی دابینكردنی بودجە و قووتی ھەرێمی كوردستانە. بۆ ئەوەش چەند دەرچەیەكی سیاسی و نیشتمانی بۆ ڕزگاربوون لەم قەیرانانە خستەڕوو.

ھەر لە دیدارەكەدا بە وردی باس لە مەترسی پاشماوەكانی تیرۆریستانی داعش لە چەند ناوچەیەكی عێراق كرا و جەخت لە ھەماھەنگی و ھاوكاری زیاتر كرایەوە بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامی زیاتر لە ناوچەكە.