سەردێر

كاتی كردنەوەی دەرگای خوێندنگەكان دیاریكرا

هەولێر- ئارام سەردار

وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، كە لە هەفتەی داهاتووەوە و لە 7-2-2021ەوە دەرگای خوێندنگەكان بەڕووی دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی خوێندن بۆ پۆلەكانی 1ی بنەڕەتی تاوەكو 11ی ئامادەیی دەكرێتەوە.

ئەمڕۆ لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا لە هەرێم كۆبووەوە و بڕیاریدا پڕۆسەی خوێندن دەستپێبكاتەوە.

ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێم لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، بەهۆی كەمبوونەوەی حاڵەتەكانی تووشبوون بە كۆرۆنا، بڕیار جراوە پڕۆسەی خوێندن بۆ پۆلی 1ی بنەڕەتی تاوەكو 11ی ئامادەیی لە هەفتەی داهاتووەوە و لە 7-2-2021 دەستپێبكاتەوە.

ڕاشیگەیاند، ڕێكاری توند بۆ خۆپارێزی لە ناوەندەكانی خوێندن پەیڕەو دەكرێت و دەبێت دایكان و باوكان ڕێنماییەكان جێبەجێ‌ بكەن.

ئاماژەی بەوەشكرد، خۆشبەختانە تائێستا بەپێی هەڵسەنگاندنەكانی وەزارەتی تەندروستی لەدوای كردنەوەی پڕۆسەی خوێندن بۆ پۆلی ١٢ دۆخی تەندروستی باش بووە، بەڵام ئەوەی هەیە لەوڵاتانی ناوچەكە پێشبینی زیادبوونی ژمارەی تووشبووان دەكرێت و ڕۆژ بەڕۆژ ڕێكارەكان توندتر دەكەن.

دەشڵێت: “لە ٢٣ی شوبات جارێكی تر هەڵسەنگاندن دەكرێتەوە بۆ دۆخی تەندروستی، ئەگەر دۆخەكە باش بوو ئەوا پڕۆسەی خوێندن بەردەوام دەبێت، بەڵام ئەگەر دۆخی تەندروستی خراپ بێت ئەوا بڕیاری پێویست دەدات تا جارێكی تری داخستنی قوتابخانەكان”.

ئەوەشی خستەڕوو، لە ٦ی شوبات ئیدارە و مامۆستایانی قوتابخانە دەچنەوە ناوەندەكانی خوێندن بۆ ئەوەی خشتەی دەوامكردن دابنێن، شێوازی دەوامیش بەشێوەی تەناوبی 3 ڕۆژ دەبێت بۆ ناو شارەكان و بۆ قوتابخانەكانی دەرەوەی شارەكانیش، كە خوێندكاریان كەمە سێ ڕۆژ بەسەر یەكەوە دەوام دەكەن، فرۆشگاكانیش دەكرێنەوە.

باسی لەوەشكرد، دایك و باوك سەرپشك دەكرێن لەڕێگای بەڵێننامەیەك خوێندكارەكەیان لەناو قوتابخانە بخوێنێت یان خوێندنی پاڵپشتی ئەلیكترۆنی لەماڵەوە تەنها بۆ تاقیكردنەوەكان بچێتە قوتابخانە.