سەردێر

بەڕێوەبەری نوێی ئاسایشی سلێمانی پەیامێكی بڵاوكردەوە

خەڵك-
دوای خانەنشین بوونی وەستا حەسەن لە پۆستی بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی، بەڕێوەبەری نوێ‌ پەیاكێكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، لە ئاست متمانەی هەموواندا دەبین و هەوڵ بۆ ئەوە دەدەین دامەزراوەی ئاسایشی سلێمانی وەك ھەمیشە لە خزمەتی هاووڵاتیاندا بێت.

هیوا ئەحمەد محەمەد، كوڕی شەهید مامۆستا ئەحمەدی سەناعە، كە بەڕێوەبەری ئاسایشی فڕۆكەخانەی سلێمانی بوو ئەمڕۆ وەك بەڕێوەبەری نوێی ئاسایشی سلێمانی دەستبەكاربوو.

هیوا ئەحمەد لە پەیامێكدا، كە وێنەی دراوە بە (خەڵك) ئاماژەی بەوەكردووە، “هەمیشە دەرگامان كراوە دەبێت لەبەردەم هەر كەس و لایەنێكدا، كە بیانەوێت زانیاریمان پێ بدەن، ڕەخنەمان لێ بگرن و بە بۆچونە ئەرێنییەكانشیان ئاڕاستەمان بكەن، بەتایبەت لەگەڵ نووسەران و میدیاكاران و ڕۆژنامەنووسان ئاڕاستەیەكی پێكەوە كاركردن دەگرینە بەر”.

دەقی پەیامەكەی بەڕێوەبەری نوێی ئاسایشی سلێمانی:
بەبۆنەی دەست بەكاربونمان لە بەرپرسیارێتی نوێدا ، لەبەردەم خوا و خوێنی شەهیدان ، هەموو ئەو لایەن و دڵسۆزانەی كە ئێمەیان بۆ ئەم پۆستە دەستنیشان كرد بەڵێن دەدەین :
پاڵپشت بە یاسا و هاوڵاتییانمان لەخزمەت سەقامگیریی و ئاسایشدا بین و ڕێگە نەدەین هیچ كەس و گروپێك ، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەستدرێژی بكاتە سەر ئارامیی سەر و ماڵ و ژیانی خەڵكی . پەیمان دەدەین زیاتر لە جاران و ئەو تەمەن و ئەزمونەی بەسەرمان بردووە و پلە بە پلە هێناومانە ، بەبێ جیاوازی ، لە ئاست متمانەی هەموواندا بین هەوڵ بۆ ئەوە دەدەین دامەزراوەی ئاسایشی سلێمانی وەك ھەمیشە لە خزمەتی هاووڵاتیاندا بێت و ببینە گیانی پێكەوە ژیان و هاوكاری یەكتری . چاودێری كردنی هەمووان وەكو یەك و نەكردنەوەی درز و كەلەبەر بۆ خۆدەربازكردن و گەندەڵی ، نەك هەر بەشێك دەبێت لە هەوڵەكانمان ، بەڵكو كار بۆ سڕینەوەشیان دەكەین . بۆ هێنانەدی ئەم مەبەستەش :
هەمیشە دەرگامان كراوە دەبێت لەبەردەم هەر كەس و لایەنێكدا كە بیانەوێت زانیاریمان پێ بدەن ، ڕەخنەمان لێ بگرن و بە بۆچونە ئەرێنییەكانشیان ئاڕاستەمان بكەن ، بەتایبەت لەگەڵ نووسەران و میدیاكاران و رۆژنامەنووسان ئاڕاستەیەكی پێكەوە كاركردن دەگرینە بەر كەلە خزمەت ئاشتەوایی و پاراستنی گیانی ئەو وێنایەدا بێت كە ئامانج لێی گواستنەوەی ڕاستی و زانیارییەكان بێت وەك ئەوەی كە هەیە .
لەكۆتایدا سوپاسی هەموو ئەوانە دەكەین كە لەبەردەم ئەم پەیامەدا هاوكار و پشتیوانمان دەبن و ڕێگە دەكەنەوە بۆ ئەوەی لەئاست خزمەتكردن و مێژوودا هەموومان پێكەوە سەربەرزانە یەكتری تەواو بكەین .

هیوا ئەحمەد محەمەد
٢٠٢١/٢/٣

No description available.