سەردێر

داوای كەرەستەی خۆپارێزی دەكرێت

خەڵك – نزار جەزا
پەروەردەی سلێمانی داوا لەحكومەتی هەرێم دەكات لەكاتی دەستپێكردنەوەی دەوامی قوتابخانەكاندا كەرەستە پێویستەكانی خۆپارێزی لەڤایرۆسی كۆرۆنایان بۆ دابینبكات، چونكە ئەوەی ئێستا هەیانە تەنها بەشی چەند ڕۆژێك دەكات.

نوعمان عوسمان، بەڕێوەبەری گەنجینەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، تاكو ئێستا بڕیار لەدەستپێكردنەوەی دەوامی خوێندن نەدراوە، بەڵام پێشتر ئامادەكاری تەواویان بۆ دەستپێكردنەوەی دەوامی خوێندن كردووە لەڕووی دابینكردنی كتێب و هەندێك پێویستی دیكەوە.

ئاماژەی بەئەوەشدا، كەرەستە خۆپارێزییەكان لەڤایرۆسی كۆرۆنا پێشتر كە دەوامی قوتابخانەكان بۆ قوتابیانی قۆناغی ١٢ی ئامادەیی كرایەوە، پێداویستییان بەسەر قوتابخانەكاندا دابەشكرد، بۆ ئێستاش ئەگەر دەوامی هەموو خوێندكارانی بكرێتەوە، كەرەستەكانیان تەنها بەشی چەند ڕۆژێك دەكات.

ئەوەشی خستەڕوو، بۆیە داواكارن وەزارەتی تەندروستی كەرەستەی پێویستیان بۆ دابینبكات، بۆئەوەی بتوانن بەسەر قوتابخانەكاندا دابەشی بكەن.

باسی لەئەوەشكرد، كاتێك لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەحكومەتی هەرێم بڕیاری دەستپێكردنەوەی دەوامی قوتابخانەكان بدات، دەبێت پلانیشی بۆ دابینكردنی ئەو كەرەستانە هەبێت.
ئەمە لەكاتێكدایە ئەمڕۆ لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەهەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوە و بڕیار لەكاتی دەستپێكردنەوەی دەوامی خوێندن دەدەن.