سەردێر

پارێزگاری نوێ‌ دەستبەكار دەبێت

خەڵك-ئارام سەردار

سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لەپەڕلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، پرسی بوونی بەپارێزگاری هەولێر یەكلابووەتەوە و لەئەمڕۆوە ڕێكارە یاساییەكان دەستپێدەكات و دوای چەند ڕۆژێكی تر پڕۆسەی بوونی بەپارێزگار تەواو دەبێت.

ئومێد خۆشناو، سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لەپەڕلەمانی كوردستان لەبارەی بوونی بەپارێزگاری هەولێر بەڕوژنامەنووسانی ڕاگەیاند، پرسی بوونی بەپارێزگاری هەولێر یەكلابووەتەوە و لەئەمڕۆوە ڕێكارە یاساییەكان دەستپێدەكات و دوای چەند ڕۆژێكی تر پڕۆسەی دەستبەكاربوونی تەواو دەبێت.

دەشڵێت، وەزیری ناوخۆ سی ڤی پێشكەش بەئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دەكات، دوای وەرگرتنی متمانە دەست بەكار دەبێت.

لەبارەی سەرۆكی فڕاكسیۆنەوە وەك جێگرەوەی خۆی، وتی، تائێستا كەس كاندید نییە بەڵام هەموو ئەندامەكان توانای بوون بەسەرۆكی فڕاكسیۆنیان هەیە دوای كۆبوونەوە و داواكردن مەرجەعی ئەوان بڕیار لەسەر پۆستەكە دەدات.

ئۆمید خۆشناو وتیشی، لەپۆستی پارێزگاردا هیچ كارێك ناكەن ببێتە مایەی نیگەرانی خەڵك.