سەردێر

دوو سیناریۆ بۆ بودجە

خەڵك-ئارام سەردار

بریكاری وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، هیوادارین لەگەڵ بەغداد ڕێككەوتنمان بەپێی دەستوور هەبێت و پشكی هەرێم دیاری بكرێت ئەوە سیاسەتی حكومەتە، بەڵام ئەگەر ئەو دەرگایە داخرا دەتوانین بەداهاتی خۆمان بەشێوەیەكی شەفاف داهات و خەرجییەكان لە یاسای بوودجە دیاری بكرێت.

زاگرۆس فەتاح، بریكاری وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای بوودجەی ساڵی ٢٠٢١ بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، ڕۆژمێری بوودجە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیران پەسەندكراوە و لەسەر دوو سیناریۆ دادەنرێت یەكێكیان ڕێككەوتنە لەگەڵ بەغداد بەپێی پشكی دیاری كراو ئەوەی دیكەش سیناریۆی ڕێكنەكەوتن، دواتر پڕۆژە یاساكە ئاڕاستەی ئەنجوومەنی وەزیران و پەڕلەمان دەكرێت و دوای پەسەندكردنی یاساكە دەبێتە سەرچاوەی داهات و خەرجی حكومەت.

دەشڵێت، ٢٥ لایەنی سەرەكی هەن لەگەڵیان كۆببنەوە، نزیكەی ١٨ لایەن كۆبونەوەیان لەگەڵ كراوە و ئەمڕۆ و سبەی لەگەڵ لایەنەكانی تریش كۆبوونەوە تەواو دەكەین.

ئەوەشی خستەڕوو، وەزارەتی پلاندانان وەك لایەنی بەرپرسیار لەسەر بوودجەی وەبەرهێنان بوودجەی پڕۆژەكان ئامادە دەكات، ئەوانە پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان دەگرێتەوە لەگەڵ وەزارەتەكان گفتوگۆ دەكەین تا ئەو پڕۆژانەی هەیانە بۆ جێبەجێ كردن كە بەشێكیان پڕۆژەی كۆنی بەردەوامن لەساڵانی ڕابردوودا بەهۆی نەبوونی پشتیوانی دارایی نەتوانراوە تەواو بكرێت هەوڵدەدەین تەواویان بكەین، پڕۆژە و پێشنیاری نوێش لەوەزارەتەكان وەرگیراوە ئەگەر بوودجە و پارە بكەوێتە بەردەست بزانین لە چ پڕۆژەیەكی خەرج بكەین.

بریكاری وەزیری پلاندانان باسی لەوەشكرد، هەر وەزارتێك بۆی دیاری كراوە لەڕێژەیەك زیاتر ناتوانێ پڕۆژە پێشنیار بكات، داواشمان كردووە پڕۆژەكانیش بەپێی ئەولەویەت دابەش بكەن زیاتر جەخت لە خزمەتگوزارییەكانی وەك سێكتەری ئاو و ئاوەڕۆ ڕێگاوبان و كارەبا و پەروەردە و كشتووكاڵ بكرێت.

ڕوونیشیكردەوە، وەزارەتی دارایی داهاتی وەزارەتەكان و خەرجییە بەكاربەرەكانیش وەردەگرێت، بۆیە ئەگەر ڕێك نەكەوتین لەسەرچاوەی داهاتی نەوتی و نانەوتی خۆمان بوودجەی هەرێم ئامادە دەكەین، بەڵام هیوادارین لەگەڵ بەغداد ڕێككەوتنمان بەپێی دەستوور هەبێت و پشكی هەرێم دیاری بكرێت ئەوە سیاسەتی حكومەتە، بەڵام ئەگەر ئەو دەرگایە داخرا دەتوانین بەداهاتی خۆمان بەشێوەیەكی شەفاف داهات و خەرجییەكان لە یاسای بوودجە دیاری بكەین.