سەردێر

دەرماڵەیەكی نوێ‌ بۆ بەشێكی فەرمانبەران خەرج دەكرێت

خەڵك-
سكرتێری یەكێتی كەمئەندامانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، بە بڕیاری حكومەتی هەرێم دەرماڵەیەك بە بڕی 100 هەزار دینار بۆ ئەو كەمئەندامانەی فەرمانبەرن خەرج دەكرێت و دەشڵێت: “ئەو 150 هەزار دینارەی هەیانبووە 50 هەزاری لێ‌ دەبڕدرێت و هەرچەندە پێشتر خۆیان ئاشكرانەكردووە، كە فەرمانبەرن پارەكەیان لێ‌ وەرناگیرێتەوە”.

سامان حسێن، سكرتێری یەكێتی كەمئەندامانی كوردستان بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، ئەو كەمئەندامانەی دوو مووچەیان هەیە (فەرمانبەرن و مووچەی 150 هەزار دیناری كەمئەندامی وەردەگرن دەتوانن لەماوەی یەك مانگ سەردان بكەن و بیكەنەوە بە مووچەی ١٠٠ ھەزاری بەبێ ئەوەی زیادەكەیان لێبسەننەوە”.

وتیشی، “كەمئەندامی هاووڵاتی بڕی 150 هەزار دیناری پێ‌ دەدرێت مانگانە، بەڵام ئەوەی كەمئەندامە و فەرمانبەریشە بڕی 100 هەزار دیناری پێ‌ دەدرێت بەشێوەی دەرماڵە”.

بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێم، كە وێنەی دەست (خەڵك) كەوتووە، “ئەو خاوەن پێداویستیانەی مووچەی كەمئەندامییان هەیە بەبڕی 150 هەزار دینار و فەرمانبەرن و تا ئێستا ئاگاداری بەڕێوەبەرایەتییەكانی تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتییان نەكردووە، كە خۆیان شایستەی وەرگرتنی 100 هەزار دینارن، لە ماوەی مانگێكدا سەردانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە بكەن بۆ كەمكردنەوەی مووچەكانیان”.

هەر بەپێی نووسراوەكە، “بەڕەچاوكردنی بارودۆخی دارایی و دۆخی كەمئەندامان، ئەو بڕە زیادەیەی وەریانگرتووە لێیان وەرناگیرێتەوە، بەپێچەوانەوە لەدوای ئەو یەك مانگە خۆیان بەرپرسیار دەبن”.