سەردێر

هاتووچۆی هەولێر دواین بڕیار بۆ فەرمانبەران و خانەنشینان ئاشكرادەكات

خەڵك-
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر سەبارەت بە پێدانی مۆڵەتی شۆفێری تەكسی دواین بڕیار ئاشكرادەكات و ڕایدەگەیەنێت، هەموو خانەنشینانی مەدەنی و پێشمەرگە دەتوانن كاری شۆفێری تەكسی بكەن.

فازڵ حاجی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی هاتووچۆی هەولێر بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، سەبارەت بەكاری شوفێری تەكسی، لەم ماوەیەدا پرسیارێكی زۆرم لێدەكرێت بەتایبەتی سەبارەت بەخانەنشینان، بۆیە دەمەوێت ئەوە ڕووون بكەمەوە، كە بەپێی بڕیاری ڕێكخستنەوەی كاری تەكسی هەموو خانەنشینانی پێشمەرگە و مەدەنی دەتوانن كاری تەكسی بكەن و ڕێكارەكانیان بۆ دەكرێت بێ هیچ كێشەیەك.

وتیشی، “هێزی پێشمەرگە و سەرجەم هێزە ئەمنیەكان و فەرمانبەرانی مەدەنی تاكو پلەی 7 ناتوانن كاری تەكسی بكەن بەهیچ شێوەیەك”.

ڕوونیشی كردەوە، كەسێك ئەگەر فەرمانبەر بێت و پلەی وەزیفی (7 و 8 و 9 و 10) بێت دەتوانێت كاربكات وەكو شۆفێری تەكسی ئەویش پاش وەرگرتنی ڕەزامەندی فەرمانگەكەی”.

لە ساڵی 2019دا وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم بڕیاریدا بە قەدەغەكردنی كاری شۆفێری تەكسی لە هێزە سەربازی و ئەمنییەكان و فەرمانبەرانی مەدەنی لە پلەی 6 و بۆ خوارەوە و جەختی كردەوە، كە لەكاتی دەرهێنان و نوێكردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری، مۆڵەتی شۆفێری تایبەت دەدرێت بەوانە و مۆڵەتی شۆفێری گشتی-یان لێ‌ دەسەنرێتەوە.

بەپێی بەدواداچوونی (خەڵك) لە چەند فەرمانگەیەكی سلێمانی، بەڵێننامە بە فەرمانبەران پڕكراوەتەوە بە فەرمانبەرانی مەدەنی و هێزە ئەمنییەكان و پێشمەرگە تاوەكو كاری شۆفێری تەكسی نەكەن و هەموو ئەو بەڵێننامانەش بەشێوەی داتابەیس و بە (CD) ڕەوانەی وەزارەتی ناوخۆ كراونەتەوە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، لە ساڵی ڕابردوودا بەهۆی قەیرانی دارایی و كۆرۆناوە ڕێكارەكان ڕاگیرابوون، بەڵام لەمساڵدا ڕێكارەكان بۆ جێبەجێ‌ كردنی ئەو بڕیارەی وەزارەتی ناوخۆ دەستیان پێكردۆتەوە و هەر كەسێك مۆڵەتی شۆفێری گشتی دەربهێنێت یان نوێی بكاتەوە ڕەوانەی بایۆمەتری دەكرێت تا بزانرێت فەرمانبەرە و لە چی پلەیەكە یان پێشمەرگە و هێزی ئەمنی نییە، هەروەها دەبێت تەكسییەكە بەناوی خۆیەوە بێت و ڕەوانەی سەندیكای گواستنەوە دەكرێت تا بزانرێت لۆگۆی تەكسی وەرگرتووە، دواتر هاتووچۆ بڕیار لە پێدانی جۆری مۆڵەتی شۆفێری بە كەسەكە دەدات.