سەردێر

دوو پێشنیار بۆ دەست پێكردنەوەی دەوام هەیە

خەڵك-ئارام سەردار

جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، دوو پێشنیار هەیە بۆ دەست پێكردنەوەی دەوام لەناوەندەكانی خوێندن، مامۆستا عەبدولواحید محەمەد بۆ تۆڕی میدیایی (خەڵك) دەشڵێت: “وەكو یەكێتی مامۆستایان بۆچوونمان وایە دەبێ لەزووترین كات پڕۆسەی پەروەردە دەست پێبكاتەوە”.

خەڵك: كەی دەوام لەناوەندەكانی خوێندن دەست پێدەكاتەوە؟
عەبدولواحید محەمەد: لەكۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبونەوەی كۆرۆنا بڕیار لەكاتی دەست پێكردنەوەی خوێندن دەدرێت، بەڵام ئێمە وەكو یەكێتی مامۆستایان بۆچوونمان وایە دەبێ لەزووترین كات پڕۆسەی پەروەردە دەست پێبكاتەوە، چونكە ڕەوشی تەندروستی باشتر بووە، لەهەمان كاتدا كاتیش گرنگە، چونكە ماوەیەك پێویستە تاوەكو خوێندكاران و مامۆستایان لەگەڵ ناوەندەكانی خوێندن ڕادێن، بۆیە چەندەی بووە پڕۆسەی پەروەردە و خوێندن دەست پێبكاتەوە باشترە.

خەڵك: ئێوە لەكۆبوونەوەكە بەشدار دەبن؟
عەبدولواحید محەمەد: ئێمە لەكۆبوونەوەی لیژنەی باڵا بەشدار نابین، بەڵام لەكۆبوونەوەی وەزارەتی پەروەردە بەشداربووین و دیراسەتی پڕۆسەی پەروردەمان كردوە، ئومێد دەكەین بڕیارێك بدرێت كەوا هەموومان پێمان گونجاوبێت، پێویستە حەقی ساڵی خوێندنیش بدرێت، ئەمساڵ ئێمەش لەگەڵ ئەوەبووین بەیەك وەرز پڕۆسەی خوێندن بەڕێ نەكرێت هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو.

خەڵك: شێوازی دەوام چۆن دەبێت؟
عەبدولواحید محەمەد: دوو پێشنیار هەیە بۆ كاتی دەوام، ڕۆژێك ناڕۆژێك یان سێ ڕۆژ بە سێ ڕۆژ، سەرەتاش دەوام بەم شێوەیە دەبێت، بەڵام یەكلا نەبۆتەوە لەكۆبوونەوە بڕیاری لێدەدرێت، بەڵام باشترە یەكێك لەم دوو پێشنیارە جێبەجێ بكرێت لەسەرەتای دەوام تاوەكو خوێندكار لەگەڵ ژینگەی قوتابخانە ڕادێتەوە و ڕەوشی تەندروستیش یەكلادەبێتەوە.

خەڵك: بەڵێن وەرگیراوە ٣٠ ڕۆژ مووچە دابەش بكرێت؟
عەبدولواحید محەمەد: بەردەوام جەختمان كردۆتەوە لەگەڵ بەرپرسانی حكومەت، كە مانگانە و ٣٠ ڕۆژ جارێك مووچە بدرێت، بەپێی لێدوانەكانی حكومەت وتراوە، كە ٣٠ ڕۆژ جارێك مووچە دابەش دەكەن، مووچەش پێویستە بدرێت دەوام هەبێت یان نا، چونكە ئەوە ئەرك و مافە و نابێت مووچە بەدەوامكردنەوە ببەسترێتەوە، ئێستاش كە دەوام نیە بەهۆی ڕەوشی تەندروستیەوەیە.