خەڵك-
ئەندامێكی پەڕلەمانی كوردستان لەسەر بڕیاری حكومەت بۆ “دابەشكردنی مووچە بەپێی داهات” یاداشتێك ئاڕاستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم دەكات و ڕایدەگەیەنێت، ئەو بڕیارە هیچ بنەمایەكی یاسایی نیە، هیچ بنەمایەكی دەوڵەتداری و حكومڕانی نییە.
عومەر گوڵپی، ئەندامی پەڕلەمانی كوردستان بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، بڕیاری حكومەتی هەرێم بۆ دابەشكردنی مووچە بە پێی داهات هیچ بنەمایەكی یاسایی نیە، هیچ بنەمایەكی دەوڵەتداری و حكومڕانی نییە، هیچ پاساوێكی نییە.
دەشڵێت: “ئەو بڕیارە تەنها و تەنها بەڵگەی شكستی حكومەتە لە یەكێك لە ئەركە سەرەكییەكانی، كە پێدانی شایستەی دارایی ئەو فەرمانبەرانەیە، كە كۆڵەكەی بەڕێوەبردن و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری ئەم وڵاتەن”.
ئاماژەی بەوەشكرد، مووچە مافێکی یاسایی مووچەخۆران، فەرمانبەران و خانەنشینان بە پێی یاسا مووچەیان بۆ بەستراوە، بۆیە پێویستە بە پێی پلە و ئاست و دەرماڵە و ساڵانی خزمەت و شایستەیی خۆیان ٣٠ ڕۆژ جارێک مووچەیان پێبدرێت، نەك بە پێی داهات.
ئەو پەڕلەمانتارە هەر لەو بارەیەوە یاداشتێكی ناڕەزایی ئاڕاستەی ئەنجوومەنی وەزیران كردووە و تێیدا ئاماژەی بەوەكردووە، “دابەشکردنی مووچە (30 ڕۆژ جارێک)، هاوتایە لەگەڵ یاساکان و مافێکی یاسایی مووچەخۆرانە، بەڵام دابەشکردنی مووچە (بە پێی داهات) پێچەوانەی ماددە و بڕگە یاساییە بەرکارەکانی هەرێم و یاسا بەرکارە فیدڕاڵیەکانە، چونکە مووچەی هەر چین و توێژێک بە پێی یاسا ڕێکخراوە”.