سەردێر

بەرهەم ساڵح لەسەر بودجە و مووچە چی بە لیژنەی دارایی وت؟

خەڵك-
سەرۆك كۆماری عێراق لەگەڵ لیژنەی دارایی پەڕلەمانی عێراق كۆدەبێتەوە و ڕایدەگەیەنێت، بودجەی گشتی لە ململانێ سیاسییەكان دووربخەنەوە و دەربارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم وتویەتی، “هەوڵی گەیشتن بە چارەسەرێکی بنەڕەتی بدەن لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا”.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق، د. بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆمار پێشوازیكرد لە هەیسەم جبوری، سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و ئەندامانی لیژنەی دارایی و گفتوگۆكرا دەربارەی ئاڵنگارییە ئابورییەكانی وڵات و گرنگی تێپەڕاندنی بودجەی گشتی بەئاڕاستەی پاراستنی مافی سەرجەم ھاووڵاتیان بێ جیاوازی.

بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، “جەختکرایەوە لە گرنگی تێپەڕاندنی ئەو بابەتانەی کە ڕێگرە لە بەردەم پەسەندکردنی بودجەی گشتی و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست لە پێناو ھێنانەدی بەرژەوەندییەکانی خەڵک و زامنکردنی مافی سەرجەم پارێزگاکان بە گوێرەی پێویستی و دابینکردنی شایستەی سندوقی پترۆ دۆلار، هەروەها پشتیوانیکردنی قوربانیانی تیرۆر و ئاوارە و چین و توێژی ھەژاران و کەمدەراماتەکان و دابینکردنی پشتیوانی دارایی پێویست بۆ دەزگا ئەمنییەکان لە سوپا و پێشمەرگە و پۆلیس و حەشدی شەعبی بۆ بەگژداچوونەوەی تیرۆر و پاراستنی ئاسایشی و ئارامی هاووڵاتیان”.

ھاوکات ھەوڵەکانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و ئەندامانی لیژنەکە بەرز نرخێنرا لەبارەی ھەوڵەکانیان سەبارەت بە تێپەڕاندنی بودجەی گشتی بە جۆرێک خواستی ھەمو هاووڵاتیان و پارێزگاکان بھێنێتەدی.

بەرهەم ساڵح بەگرنگییەوە دوپاتیکردەوە، لە پێویستی دور خستنەوەی بودجەی گشتی لە ململانێ سیاسییەکان و پێویستی گەیشتن بە چارەسەرێکی دادپەروەر و یاسایی لە پێناو پاراستنی مافی سەرجەم ناوچە و ھاووڵاتیان و موچەخۆران و خانەنشینانی عێراق و هەرێمی کوردستان بێ جیاوازی.

سەبارەت بە دۆسییە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرۆک كۆمار وتویەتی، “پێویستە بگەن بە چارەسەرێکی بنەڕەتی لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا، ھاوکات پڕۆسەی چاکسازی ریشەیی بەشێوەیەکی جددی بێتەکایەوە وەک چارەسەرێک بۆ کێشە و قەیرانەکان و کۆتایی ھێنان بە نەھامەتییەکانی خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان”.

No description available.