سەردێر

ئومێد خۆشناو كرایە پارێزگاری هەولێر

خەڵك-
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەڕلەمانی كوردستان وەك كاندیدی ئەو حزبە كرایە پارێزگاری هەولێر.

سەرچاوەیەكی باڵا لە پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بە بڕیاری پارتی دیموكراتی كوردستان، ئومێد خۆشناو، سەرۆكی فراكسیۆنی زەرد لە پەڕلەمانی كوردستان كرایە پارێزگاری هەولێر.

سەچاوەكە وتیشی، “ناوی كاندیدەكەی پارتی دەدرێتە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر و دوای دەنگدان لەسەری فەرمانی هەرێمی بۆ دەردەچێت و دەستبەكاردەبێت”.

لەوبارەیەوە (خەڵك) چەند جارێك پەیوەندی كرد بە ئومێد خۆشناو، بەڵام پەیوەندییەكەی بەردەست نەبوو.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە ئومێد خۆشناو لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك وێنەیەكی خۆی و مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانی بڵاوكردۆتەوە و ڕایگەیاندووە، “ئه‌وڕۆ 2-2-2021 له‌ سه‌ری بڵند له‌ خزمه‌ت سه‌رۆک و پێشمه‌رگه‌”.

لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی تووشبوونی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، فرسەت سۆفی، پارێزگاری پێشووی هەولێر كۆچی دوایی كرد و دوای هێنانەوەی تەرمەكەی لە توركیا لە گۆڕستانێكی هەولێر بەخاك سپێردرا و لەو كاتەشەوە پۆستەكە بە وەكالەت بەڕێوەدەبرێت.