سەردێر

لە بۆردومانەكەی توركیادا كچێك بریندار بوو

خەڵك-
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین ئاشكرای دەكات، بەهۆی بۆردومانەكەی توركیاوە بۆ سەر خاكی هەرێم كچێك لە گوندی شێنێ‌ بریندار بووە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، نیوەڕۆی ئەمڕۆ كاتژمێر 12:00 كچێك بەناوی ( هـ . ئـ . ع ) لەدایكبووی ساڵی 1995، پیشەی كچی ماڵ، دانیشتووی گوندی شێنێ سەر بەقەزای پشدەر (قەڵادزێ) گەیەندرایە نەخۆشخانەی گشتی، كە بەهۆی بۆردومانی فڕۆكە جەنگیەكانی توركیا لەماڵی خۆیاندا بریندار بووە.

بەوتەی دایكی كچەكە، “لەكاتێكدا فڕۆكەی توركیا دەورووبەری گوندەكەیانی بوردومان دەكرد پەنجەرەی ماڵەوەیان شكاوه و بەهۆی پاشماوەی شوشەكان كچەكەی بریندار بووە، پاش چارەسەری سەرەتایی بەهۆی سووكی برینەكەی ڕەوانەی ماڵەوە كرایەوە”.

لای خۆشیەوە، بەكر باییز، قائیمقامی قەڵادزێ بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، بەهۆی بۆردومانەكانی توركیاوە زیانی مادی زۆر بە دانیشتووانی ناوچەكە گەیشتووە، بەشێوەیەك دەرگا و پەنجەرەی ماڵانی شكاندووە”.

فڕۆكە جەنگییەكانی سوپای توركیا بەردەوام بەبیانووی بوونی بنكە و بارەگاكانی گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)، ناوچە سنوورییەكانی باشوری كوردستان بۆردومان دەكەن و زیانی گیانی و ماڵی بەر هاووڵاتیان دەكەوێت و تا ئێستا هیچ كەسێكیش قەرەبوو نەكراوەتەوە.