خەڵك-ئارام سەردار
وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، ٦٢ پڕۆژەی نیشتەجێبوون وەك پێویست كاریان تێدا ناكرێت، بەهۆی قەیرانی دارایی كە كۆی یەكەكانیان بریتییە لە ٨ هەزارو ١٦٤ یەكە، پێشنیارمان كردووە میكانزمێك دابنرێت تەواوبكرێن و بەسەر هاوڵاتیان دابەش بكرێن، بەم زووانەش بڕیاری كاركردنیان تێدا دەدرێت.
دانا عەبدولكەریم، وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەكۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لەچوارچێوەی گرفت و چارەسەرەكانی پڕۆژە وەستاوەكان گفتووگۆمان كردووە، لەماوەی یەك ساڵ و نیوی ڕابردوو زیاتر گرنگی دراوە بەچاككردنی ڕێگاوبان كە زیاتر لە ٩ ملیۆن مەتر دووجا ڕێگاوبانمان قیرتاو كردووە، ٤٩ پڕۆژەش تەواوكراون، ۷ پڕۆژەش لەبواری نیشتەجێبوون تەواوبوون.
دەشڵێت، بەشێك لەپڕۆژەكانی نیشتەجێبوون بەسەر هاوڵاتیان دابەشكراون، ١٢٩ پڕۆژەش لەبواری ڕێگاوبان كاری تێدادەكرێت كە جووتساید و تاك سایدن، ٨ پردو تونێلیش دروستدەكرێن.
ئەوەشی خستەڕوو، قۆناغی دووەمی ڕێگای دووكان بۆ چوارقوڕنە بەڵێندەر ئێستا كاری تێدا دەكات و ئومێدیش دەكەین ئەمساڵ پارەی زیاتر بۆ پڕۆژەكان تەرخان بكەین.