سەردێر

هۆشداری نەمانی هەرێم دەدرێت

خەڵك-

ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، وریا نەبین هەرێمیش ئێوە خۆش!

ئارێز عەبدوڵڵا ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك بڵاویكردەوە، سەرەڕای ئاڵنگاری و پیلانی نەیاران، دوو ئاڕاستەی سیاسی ناوخۆیی مەترسیداریش تا دێ زەقتر دەبنەوە.

دەشڵێت”ئاڕاستەیەك پاڵپشت بە توركیا دەیەوێ درێژە بەو سیاسەتە ئابوورییە بدا كە بە ئاشكرا مایەپوچبوونی هاوار دەكات و ئەوسەریشی بە مینی گەورە تەنراوە، هەرچی ئاڕاستەی دووەمە بە پاساوی دابینكردنی بودجە و مووچە دەیەوێ پارێزگاكانی هەرێم ڕاستەوخۆ پەیوەندی لەگەڵ بەغدا دروستبكەنەوە، ئەنجامی ئەو پڕۆژەیەش لانی كەم هەڵوەشانەوەی هەرێمی بەدوادادێت”.

ئاشكراشیكرد، ئەگەر لە نێوانی ئەو دوو ئاڕاستەیە بەدانایی و لە خۆبووردنەوە كار نەكرێ و لایەنە سیاسییەكان لەسەر ئەو پرسە سیاسییە نیشتیمانییە كۆك نەبنەوەو بە بەرپرسیارێتیەوە ئاڕاستە گشتییەكە نەگرینەبەر ئەوا هەرێمیش ئێوە خۆش.

لەلایەكی دیكەوە بەشێكی زۆر لایەنە شیعییەكان كۆك بوون لەسەر ئەوەی كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان كەم بكرێتەوە، بەهۆی ئەوەی دەڵێن”بوونی زیاتر لە 400 هەزار پێشمەرگە بۆ هەرێمێكی سێ پارێزگایی زۆرە و پێویستە ئەو هێزانە كەم بكرێنەوە”.

لەو بارەوە لیوا محەمەد ڕێگر كە فەرماندەیەكی باڵای پێشمەرگەیە بۆ دەنگی ئەمریكا ڕایگەیاند، لایەنە عێراقییەكان نەیاری پێشمەرگەن، چونكە هێزێكی نیشتیمانی و نەتەوەییە و بەرگری لەكوردستان دەكات.

وتیشی”لایەنە عێراقییەكان دژی پێشمەرگە قسە دەكەن، لەكاتێكدا پێشمەرگە بەشێك لە موسڵی لە داعش پاككردەوە و ڕێگەی بۆ هێزە عێراقییەكان كردەوە، تا بەرەو موسڵ بڕۆن، سەرباری ئەمەش، دژی پێشمەرگەن، چونكە پێشمەرگە میلیشیا نییە و جێبەجێكاری ئەجێندای وڵاتان نییە”.

بەپێی سەرچاوە رۆژنامەوانییەكان لە دواین ساتەكانی گفتووگۆكانی شاندی هەرێم و بەغدا، لایەنە شیعەكان سەرباری بەرزكردنەوەی مەرج و داواكارییەكانیان لەسەر دۆسێی نەوت، كەمكردنەوەی ژمارەی پێشمەرگە و داخستنی نوێنەرایەتییەكانی هەرێمیشیان لە دەرەوە هێناوەتەگۆڕێ.