سەردێر

هەرێم و بەغدا رێكناكەون

خەڵك-

ئەندامێكی پەڕلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، هەرێم و بەغدا بیانوو دەدۆزنەوە بۆ ئەوەی ڕێكنەكەون.
دوای دەیان كۆبوونەوەی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی ناوەندی، تاكو ئێستا هیچ ڕێكەوتنێك نەكراوەو بەپێی زانیاییەكانیش هیچ ڕوئیایەك نییە بۆ ڕێكەوتنی نێوان ئەو دوو حكومەتە.

موسەنا ئەمین ئەندامی پەڕلەمانی عێراق بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، هیچ پێشكەوتنێك بەدی ناكەم لە كۆبوونەوەكانی هەرێم و بەغدا و ئومێدیشم بە ڕێكەوتنیان نییە.

وتیشی”هەردوو حكومەت بۆ بیانوو دەگەڕێن كە خۆیان بدزنەوە لە ڕێكەوتن، هۆكاری هەرێم ئەوەیە كە ئەم مامەڵەیەی خۆیان دەیكەن بە نەوتەوە، دەزانن لە ڕووی داراییەوە بۆ هەرێم زیانە، بەڵام سودمەندییە بۆ خۆیان و كۆمپانیاكانیان، حكومەتی ناوەندیش بەدوای بیانووەوەیە كە پارە نەدات بە هەرێم، چونكە لە هەر حاڵێكدا ڕێكەوتن بكرێت، دەبێت پارە بدات بە هەرێم و پارە لە هەرێم وەرناگرێت، كەمترین بڕیش كە دابێتی بە هەرێم 320 ملیار بووە مانگانە، ئێستا بیانوویەك دەدۆزێتەوە تا ڕێكنەكەوێت، ئەو پارە بۆ خۆی دەگەڕێتەوە و نایدات بە هەرێم، چونكە عێراق خۆشی موفلیسە و لەسەر قەرز دەڕوات”.

ئاشكراشیكرد، هەردوولایان بەرژەوەندیان هەیە ڕێكنەكەون و بیانوو دەدۆزنەوە، هیوادارم بەشێوازێك ڕێكبكەون كە نانی خەڵكی تێدا بێت و شەفافیەتیش هەبێت بۆ داهاتی خەڵك.

وتیشی: هەردوولایان سودمەند دەبن لە ڕێكنەكەوتن، بەڵام هاوووڵاتیانی هەرێم زیانمەندن و خەڵكیش ئەو قەبارەی نییە لای ئەوان.