سەردێر

ئیدارەی نوێی ئەمریكا دۆسێی خاشقچی هەڵدەداتەوە

خەڵك-
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، كوژرانی جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنوسی سعودی بە “كارێكی شەرمەزارانە” دادەنێت.

ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە لێدوزانێكیدا بۆ تۆڕی (ئێن بی سی)ی ئەمریكایی ڕایگەیاند”كوژرانی جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنوسی سعودی كە لە ویلایەتە یەكگرتووەكان نیشتەجێ‌ بوو، كارێكە مایەی شەرمەزارییە”.

بە وتەی بلینكن”ئیدارەی سەرۆك بایدن، پێداچوونەوە بە پەیوەندییەكانیدا دەكات لەگەڵ سعودیە، تا لەگەڵ بەرژەوەندی و پرەنسیپەكانی ئەمریكادا یەكانگیربن”، ڕەتیشیكردەوە محەمەد بن سەلمان جێنشینی شاهانەی سعودیە تۆمەتبار بكات كە “ئاژانسی هەواڵگری ناوەندی گەیشتۆتە ئەو ئاكامەی ئەو فەرمانی بە كوشتنی خاشقچی كردووە”.

لە مانگی ئەیلولی ڕابردوو داواكاریی گشتی سعودیە، داخستنی دۆسێی جەمال خاشقچی بە بەشە گشتی و تایبەتەكەی بە تۆمەتباركردنی 8 تۆمەتبار لە دۆسێكەدا، ڕاگەیاند.

وتەبێژی داواكاریی گشتی سعودیەش لەو دەمەدا ڕایگەیاند، بەپێی ماددەی 210ی یاسای سزاكان، دادگا حوكمی بەسەر هەشت تۆمەتبارەكەدا سەپاند.