سەردێر

كۆبونەوەی لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبونەوەی كۆرۆنا بۆ دەستپێكردنەوەی خوێندن ناكرێت

خەڵك-
هەرچەندە بڕیار بوو سبەینێ كۆبونەوەی لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا كۆببێتەوە و بڕیار لە بارەی كردنەوەی ناوەندەكانی خوێندن بدرێت ، بەڵام ئەو كۆبونەوەیە دواخرا كاتێكی دیكە، خەڵك هۆكارەكەی ئاشكرادەكات.

ئەبوبەكر هەڵەدنی، ئەندامی پەڕلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكگرتوو بە (خەڵك) ی ڕاگەیاند ، ئەمڕۆ دوو شەممە 1-2-2021 لەگەڵ وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێم لە پەڕلەمان كۆبوینەوە بۆ گفتوگۆ كردن لە سەر ڕەوشی خوێندنكارانی تاراوگە ، لەو نێوەندەدا پرسیاری ئەوەكرا، كە بۆچی ناوەندەكانی خوێندن ناكرێتەوە.

وتیشی ،”وەڵامی وەزیری پەروەردە ئەو بوو، كە بڕیاری كۆتایی لای لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبونەوەی كۆرۆنایە، كە بڕیار بوو سبەی كۆبونەوەیەك لەوبارەیە ئەنجام بدرێت و بڕیاری كۆتایی بدرێت”.

ئەبوبەكر هەڵەدنی لە زاری وەزیری پەروەردەوە باسی لەوەكرد، سبەینێ كۆبونەوەكە ناكرێت لەبەر ئەوەی دوو ئەندامی باڵای بۆردی دیراسەكردنی كردنەوەی خوێندن لێرە نین، لە سەفەرن، بۆیە كۆبونەوەكە ناكرێت و بۆ كاتێكی دیكە دواخراوە.

ڕاشیگەیاند ، پرسیاری ئەوەمان لە وەزیری پەروەردە كرد، هەموو شوێنەكانی دیكە ژیان تێیدا ئاسایی بۆتەوە تەنها ناوەندەكانی خوێندن نەبێت، هیچ وەڵامی نەبوو تەنها ئەوە نەبێت، كە بڕیار بووە كۆبونەوە بكرێت بۆ ئەو مەبەستە بەڵام دواخراوە .