سەردێر

سەرۆك ئەركان؛لەبارەی جوڵەپێكردنی پێشمەگەوە هاتەدەنگ

خەڵك-
سەرۆكی ئەركانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، جووڵە پێكردنی پێشمەرگە بەرەو مەخموور، لەبەر مەترسییەكانی داعشە لەو ناوچەیە تیرۆرستان لە زۆر ناوچە دەستیان بە جووڵەی زیاتر كردووە.

فەریق جەمال ئێمینكی، سەرۆكی ئەركانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ میدایی حزبەكەی ڕایگەیاندووە، لە ناوچەكانی خانەقین و قەرەتەپە و جەبارە تا ڕۆژئاوای كەركوك و دەگاتە مەخموور ڕۆژ بە ڕۆژ جووڵەی چەكدارانی داعش زیاتر دەبێت ، ھۆكارەكەیشی بۆ ھەبوونی بۆشاییی ئەمنی دەگەڕێتەوە، چ لەنێوان هێزە عێراقییەكان خۆیان بێت، یان لەنێوان هێزەكانی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەكان.

دەشڵێت،” تیرۆریستانی داعش ڕەوشەكەیان قۆزتووەتەوە بۆ دەستپێكردنی جووڵەی زیاتر، لە هەندێ ناوچە بە ئازادی هاتووچۆ دەكەن، بۆیە ڕۆژ بە ڕۆژ تیرۆریستانی داعش تاكتیكی خۆیان دەگۆڕن”.

ڕاشیگەیاندووە، لەگەڵ عێراق نەگەیشتووینەتە ڕێككەوتن، تا ئەو بۆشاییە ئەمنییەی پەیدا بووە پڕ بكرێتەوە و ڕێگری لە جووڵەی داعش بكەین، ئەویش لە ڕێگەی جێگیركردنی ھێزی ھاوبەشەوە، بەڵام بەردەوام ڕێنمایی و زانیاری دەدرێتە هێزەكانی پێشمەرگە لە سەنگەرەكانی پێشەوە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، سرووشتی ھەندێ ناوچە ھاوكارە بۆ ئەوەی داعش تێیدا كردەوەی تیرۆریستی ئەنجام بدەن، لەوانەش دەوروبەری خانەقین و چیای قەرەچۆغ، پێشمەرگە لە ئامادەباشیدایە و ڕێگە بە ھیچ كردەوەیەكی تیرۆریستی نادەن.

ئاشكراشیكردووە، مەخموور و گوێڕ و چیای قەرەچۆغ یەكێكە لەو دەڤەرانەی داعش تێیدا جووڵە دەكات، لەبەر ئەوەش تەنیا لەو میحوەرە ھێزی پێشمەرگە خراوەتە حاڵەتی ئامادەباشی و چوونی ھێزی پێشمەرگەش بۆ سنووری مەخموور بەھۆی مەترسیی چەكدارانی داعشە.