سەردێر

موفتی: رەوش خراپە

خەڵك-ئارام سەردار

ئەندامێكی ئەنجوومەنی باڵای بەرژەوەندی و سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر لەگەڵ بەغداش نەگەینە ئەنجام ناخۆشی دێتە پێش، لەگەڵ دراوسێكانیش ناتوانم بڵێم پەیوەندییەكان ئاسایین، بەڵكو گرژی و ناكۆكی هەیە، بۆیە یەكڕیزی گەلەكەمان هەموو كاتێك پێویستە.

عەدنان موفتی، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای بەرژەوەندی و سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ڕایگەیاند، یەكڕیزی گەلەكەمان هەموو كاتێك پێویستە، ئەگەر سەیری مێژوو بكەین ئەگەر یەكڕیزبووبین سەركەوتنی بەدواداهاتووە، نموونەش ڕاپەڕینی ١٩٩١ كە بەرەی كوردستانی هەبوو سەركەوتووبوین، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەوكاتانەی ناكۆكیمان هەبووە كە بەداخەوە شەڕی ناوخۆشی لێ كەوتۆتەوە دووژمنان سوودیان لێ كردووە تا درزبخەنە نێوانمان بۆ سەركەوتنی خۆیان.

دەشڵێت، ئەمڕۆ یەكڕیزی تەنها بۆ پرسی بەغدا و بوودجە پێویست نییە، بەڵكو ناوچەكە هەمووی مەترسیدارە، ئەگەر لەگەڵ بەغداش نەگەینە ئەنجام ناخۆشی دێتە پێش، لەگەڵ دراوسێكانیش ناتوانم بڵێم پەیوەندیەیكان ئاسایین بەڵكو گرژی و ناكۆكی هەیە و ناوچە كوردستانیەیكان هەر كێشەی لەسەرە و بەشێكی كوردستانیش داگیركراوە.

ئەوەشی خستەڕوو، دەبێ بۆ گەیشتن بەمافەكانمان یەكهەڵوێست بین تاوەكو دوژمنان سوود لە ناتەباییمان وەرنەگرن.