سەردێر

“شەڕ روو نادات”

خەڵك-

چەند رۆژێكە دەنگۆی جوڵاندنی هێز و جموجۆڵی سەربازی لە ناوچە دابڕاوەكان لەنێوان هەرێم و بەغدادا هەیە، چاودێرێكی سیاسیش دەڵێت، ئەوەی بڕیاری دەستپێكی ڕووبەڕووبوونەوە دەدات تەنها هاوپەیمانانن، نەك عێراق و هەرێم، بۆیە روودانی شەڕ زەحمەتە.

ڕەشاد گەڵاڵی چاودێری سیاسی بە(خەڵك) ی ڕاگەیاند، لەماوەی 72 كاتژمێری ڕابردوو جوڵەیەكی یەكلایەنەی هێزەكانی هەرێم لە شاری هەولێر و دەوروبەری هەبووە، بەڵام ڕووبەڕووبونەوە لەگەڵ هێزە عێراقییەكان ڕوونادات، چونكە ئەوەی بڕیاری دەستپێكی ڕووبەڕووبونەوە دەدات نە عێراقە و نە هەرێم، بەڵكو هێزەكانی هاوپەیمانانن بەتایبەت ئەمریكا و هەڵكردنی گڵۆپی سەوز لای ئەوانە.

ئاماژەی بەوەشكرد، جوڵاندنی هێز پەیوەستە بە گفتوگۆكان لەگەڵ بەغداد و سەردانی یەكلایەنەی پارتی كە لایەنە شیعەكان بە پارتیان وتبوو گەر ئێوە مل نەدەن بە پێدانی تەواوی مەلەفی نەوت ئێمە دەتوانین دەست بەسەر ناوچە نەوتیەكاندا بگرین بەتایبەتی لە خورمەڵە.

وتیشی، هەندێك هێزی دیكە لەناوچەكەدایە وەك لەشكری ڕۆژ هێزی ڕۆژئاوای كوردستانە و سەر بە ئەنەكەسەیە، و هێزەكانی پارتی ئازادی كە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستانن لە سنوری نەینەوا جێگیربوون.

ناوبراو رونیكردەوە، لەگەڵ ئەو هێندە جموجوڵە سەربازییەدا، ئەگەری ڕووبەڕووبونەوە لەنێوان هێزی عێراق و هەرێم زۆر دوورە، چونكە هیچ هێزێكی نوێ‌ نەهێنراوەتە ناوچەكە.