سەردێر

تەندروستی بڕیاری خوێندن دەدات

خەڵك-ئارام سەردار

وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەوەی تائێستا هەیە لە ٦ی شوبات بەدواوە بەم میكانزمەی وەزارەتی تەندروستی بۆمان پێشنیار بكات پڕۆسەی خوێندن دەستپێدەكات.

ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لەماوەی ئەوو دوو ڕۆژە كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبونەوەی كۆڕۆنا ئەنجام دەدەین و بڕیاری دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی خوێندن دەدەین، ئەوەی تائێستا هەیە پێشنیارمان كردووە، دوای هەڵسەنگاندنی تەندروستی بڕیارەكان دەدرێن.

دەشڵێت، بەپێی ئەو بەرنامەیەی ئەوان دایانناوە خوێندكاران هەردوو وەرزی خوێندن دەخوێنن، بەبێ ئەوەی كوالێتی خوێندنەكە یاخوود بەشێكی زۆری بابەتی وانەكان پەراوێزبخرێن.

وتیشی: دەستپێكردنەوەی پڕۆسەكەش وەك پێشوو نابێت ناوەندەكانی خوێندن قەرەباڵغ بن، بەڵكو میكانزمێك دیاری دەكرێت بۆ دەوام.

راشیگەیاند، ئەوەی تائێستا هەیە لە ٦ی شوبات بەدواوە بەم میكانزمەی وەزارەتی تەندروستی بۆمان پێشنیار بكات پڕۆسەی خوێندن دەست پێدەكات، ئەوكات ڕۆژەكەش دیاری دەكرێت، ناشبێت ئێمە ساردببینەوە لەڕێكارەكانی خۆپارێزی، بەڵكو دەبێ سورتر بین لەخۆپارێزی تاوەكو جارێكی تر ناچار نەبین دەرگای خوێندن دابخرێنەوە، بۆیە كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان پشت بەستە بەڕەوشی تەندروستی، ناشبێت پەلەبكرێت.