سەردێر

عیراق لەسەر لێبڕینی مووچە هۆشداری بە هەرێم دەدات

خەڵك-
سەرۆكی لیژنەی دارایی پەڕلەمانی عیراق دواین زانیاری دەربارەی پڕۆژە یاسای بودجەی 2021ی فیدڕاڵی و پشكی هەرێم لەو بودجەیە ئاشكرادەكات و ڕایدەگەیەنێت، “لاوازی حكومەتی فیدڕاڵە ڕێگە دەدات حكومەتی هەرێم دەست بۆ مووچەی فەرمانبەرانی ببات”.

هەیسەم جبوری، سەرۆكی لیژنەی دارایی پەڕلەمانی عێراق لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا، كە ماڵپەڕی ڕۆژنامەی (الصباح)ی فەرمی بڵاویكردۆتەوە ڕایگەیاندووە، بڕگەی 3ی ماددەی 11ی بودجەی عێراق، كە تایبەتە بە پاكتاوكردنی قەرزە كەڵەكەبوووەكان هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2014ەوە لابراوە.

وتیشی، “بەپێی یاسای دارایی عێراق ڕادەستكردنی بڕی 50%ی داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێم بەفیدراڵ لەبودجەدا جێگیر كراوە، بەڵام تا ئێستا بەتەواوی لەسەر پێدانی مووچەی فەرمانبەران نەگەیشتووینەتە ڕێككەوتن”.

سەبارەت بە بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئاماژەی بەوەكرد، “ئەوە لاوازی حكومەتی فیدڕاڵە، كە ڕێگە دەدات حكومەتی هەرێم دەست بۆ مووچەی فەرمانبەرانی ببات”.

ئاشكراشی كرد، لە كۆتایی ئەم هەفتەیە پڕۆژە یاسای بودجە ئامادە دەبێت بۆ دەنگدان لەسەری لە پەڕلەمان و وتیشی، “شایستەی دارایی بۆ فەرمانبەرانی گرێبەست و ڕۆژانە و وانەبێژان تەرخان كراوە”.

ڕاشیگەیاندووە، هیچ پلەیەك بۆ دامەزراندن لە بودجەی ساڵی 2021 دانەنراوە و هەموو جۆرە لێبڕینێكمان لە مووچە هەڵوەشاندۆتەوە و سیستمی باج بەپێی یاسای باجی دەرامەت پەیڕەو دەكرێت.