سەردێر

شاندی هەرێم گەیشتە بەغدا

خەڵك-
ئێوارەی ئەمڕۆ شاندی حكومەتی هەرێم بۆ گفتوگۆ لەگەڵ عیراق دەربارەی بەشە بودجەی هەرێم گەیشتەوە بەغدا.

بەپێی زانیارییەكانی (خەڵك) ئێوارەی ئەمڕۆ یەك شەممە، شاندی حكومەتی هەرێم بۆ گفتوگۆ لەگەڵ عیراق بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران گەیشتە بەغدا بۆ تەواوكاری گفتوگۆكان سەبارەت بە پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجە و ڕادەستكردنی بەشێكی نەوت.

لە ماوەی ڕابردوودا دوو جاری دیكە شاندی هەرێم بۆ گفتوگۆ لەسەر پشكی هەرێم لە یاسای قەرز و پڕۆژە یاسای بودجەی 2021ی فیدڕاڵی عیراق، شاندی هەرێم سەردانی بەغدای كردووە و تا ئێستا گفتوگۆكان بەردەوامن.

پێشتر، عەبدولكەریم خەسرۆ، بەرپرسی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی حكومەتی هەرێم و ئەندامی شاندەكەی هەرێم ڕایگەیاند، كە گۆڕانكاری لە هەڵوێستی لایەنەكانی عیراق بە ئاڕاستەی ڕێككەوتن ڕوویداوە و هەموو ئامادەییەكمان دەربڕیووە بۆ ڕێككەوتن لەگەڵ عیراق.

لای خۆیەوە، هۆشیار عەبدوڵڵا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی عیراق ڕایگەیاندووە، كوتلە سونییەكان بە فەرمی پێیان راگەیاندین ، كە هەر دەقێك ئێوە وەك كورد ئیتیفاقتان لەبارەوە كردبێت ئێمە پشتیوانتان دەبین.

ڕاشیگەیاندووە، بەشێك لە كوتلە شیعیەكان ڕایەكی نوێیان سەبارەت بە نەوت و پشكی هەرێم خستەروو، بە گوێرەی ئەو دەقە نوێیە، عێراق لە بەندەری جیهان هەموو نەوتی هەرێم وەربگرێت، بۆ كرێی كۆمپانیا و گواستنەوە و مەسرەفەكانیی دیكە، برێك لەو نەوتە بدەنەوە بەهەرێم خۆی بیفرۆشێ.

بەپێی پرۆژە یاسای بودجەی عیراق، كە لەلایەن حكومەتەوە پەسەندكراوە و ئێستا لە پەڕلەمانە، پشكی هەرێم بە 12.67% دیاری كراوە، كە زیاتر لە 13 ملیار دۆلار دەكات لە ساڵێكدا لە بەرامبەر ڕادەستكردنی بڕی 250 هەزار بەرمیل نەوت یان داهاتەكەی و نیوەی داهاتی گومرگەكان، بەڵام هەندێك لایەنی شیعە لە عیراق داوای زیاتر لەو بڕە نەوتە یان داهاتەكەی بە (نرخی سۆمۆ) دەكەن.