سەردێر

نێچیرڤان بارزانی؛ هەرێم و عیراق زیاد لە هەموو كات پێویستیان بەپشتیوانی نێودەوڵەتیە

خەڵك-
سەرۆكی هەرێمی كوردستان جەخت لە خواستی هەرێم بۆ چارەسەركردنی تەواوی كێشەكان لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵی عێراق لەسەر بنەمای دەستوور و گرنگی جێبەجێكردنی سیستمی فیدراڵی كردەوە، كە زامنی ئارامی و سەقامگیری و پێكەوەژیانی پێكهاتەكانی عێراق دەبێت.

نێچیرڤان بارزانی ، سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ یەكشەممە 31-1-2021 لە شاری هەولێر پێشوازی لە خاتوو تۆن ئالێرس، باڵیۆزی نەرویج لە عێراق كرد، لە كۆبونەوەیەكدا سوپاسی بەردەوامی هاوكاریی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كردەوە و سوپاسی یارمەتی مرۆیی و هاوكارییەكانی نەرویجی بۆ ئاوارە و پەنابەران كردەوە.

هاوكات باڵیۆزی نەروێجیش پابەندیی وڵاتەكەی بە بەردەوامی یارمەتیدانی مرۆیی بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان دووپاتكردەوە و هەردوولا هاوڕا بوون كە بۆ تێكشكاندنی یەكجارەكی داعش، عێراق و هەرێمی كوردستان هێشتا پێویستییان بە پشتگیریی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە.

نێچیرڤان بارزانی جەختی لە ئامادەیی و خواستی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردنی تەواوی كێشەكان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی عێراق لەسەر بنەمای دەستوور و گرنگی جێبەجێكردنی سیستمی فیدراڵی كردەوە، كە زامنی ئارامی و سەقامگیری و پێكەوەژیانی پێكهاتەكانی عێراق دەبێت ، هەروەها لەمبارەیەوە ڕۆڵی یارمەتیدەری نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گرنگ لە قەڵەم دا.

هەر لە كۆبونەوەكەدا هەنگاوەكانی گفتوگۆی هەولێر بەغدا بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان، ڕێككەوتنی حكوومەتی فیدرالی عێراق و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شەنگال، دۆخی ناوچەكانی ماددەی سەد و چلی دەستوور، پرسی بودجەی گشتیی عێراق و پشكی هەرێمی كوردستان، هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق، كردەوە تیرۆرستییەكانی ئەم دواییە‌ لە عێراق، سەرهەڵدانەوەی داعش و هۆكارەكانی، پێشهات و پەرەسەندنەكانی ناوچەكە بەگشتی تاوتوێ كران.