خەڵك-
جێگری سەرۆكی پەڕلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ڕێگە نادەین هیچ خانەوادەیەكی كورد لە كەركووك لایەن كۆمپانیای نەوتی باكوورەوە لە ناوچەكەی دەربكرێت و دەشلێت: “دوو لیژنەی پەڕلەمان و حكومەت پێكهێنراوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان”.
د. بەشیر حەداد، جیبَگری سەرۆكی پەڕلەمانی عێراق ڕایگەیاند، ئەمڕۆ یەك شەممە 31 كانوونی دووەمی 2021، پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ بەڕێوەبەری كۆمپانیای نەوتی باكوور لە كەركووك ئەنجامدا و فەرمانی ڕاگرتنی دەركردنی خانەوادە كوردەكانی دەركرد، كە لایەن ئەو كۆمپانیایەوە ئاگادار كرابوونەوە ناوچەكانیان جێبهێڵن.
ڕاشیگەیاند، لیژنەیەكی تایبەت بە پەڕلەمان و لیژنەی ئەنجوومەنی وەزیران لە كار و بەدواداچووندان بۆ چارەسەركردنی گشت كێشە ئێداری و یاساییەكانی ئەو ناوچانە و نابێت هیچ خانەوادەیەكی ئەو ناوچەش لە ڕێگەی هەڕەشە و بەكارهێنانی هێزەوە لە شوێنەكانی خۆیان دەربكرێن و پێویستە هەرچی زووە ئەو كارە ڕابگیرێت.
د.بەشیر حەداد پەڕلەمانتارانی كەركووكی پەڕلەمانی عێراقی ڕاسپارد، “بۆ ئەوەی چاودێری و بە دواداچوون بۆ ئەو كارە بكەن”.