سەردێر

سلێمانی؛ بڕێك پەتاتە لەناودەبرێت

 

بەهۆی چەكەرەكردن‌ و نەشیاوی بۆ خواردن، قائیمقامیەتی سلێمانی دەست بەسەر بڕێك پەتاتەدا دەگرێت و سەرۆكی لیژنەكانیش دەڵێت: خواردنی پەتاتەی چەكەرەكردو زیانی تەندروستی هەیە.

ئەمڕۆ یەكشەممە‌ لیژنەی كۆگاكانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند: بەهۆی چەكەرەكردن‌ و خراپی و نەشیاوی بۆ خواردن، لیژنەكە دەستی بەسەر بڕێكی زۆر پەتاتەدا گرتوە، كە خاوەنەكەی بەنیازبوە لە كارگەكانی ئامادەكردنی خواردەمەنی بیفرۆشێت‌.

لەشكر حەمید، ئەندازیاری خۆراك و سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند: ئەو پەتاتانەی چەكەرەیان كردوە، سەوزبونەتەوە‌، نەرم بوە یاخود لەزەویدا زۆر ماوەتەوه، شیاوی خواردن نیە چونكە زیان بە تەندروستی مرۆڤ دەگەیەنێت.

وتیشی: بەهۆی كارلێكە كیمیاییەكانەوە چەكەرە دروست دەبێت و رەنگی پەتاتەكە دەگۆڕێت بۆ سەوز و نەرم دەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی گۆڕینی كاربۆهێدرات بۆ شەكرەكان و كرداری هەرس تێكدەدات بە ئاسانی هەرس نابێت و دەبێتە هۆی ژەهراوی بونی لەشی مرۆڤ.

جەختیكردەوە: پەتاتە نابێت لە شەش مانگ زیاتر عەمبار بكرێت چونكە پلەی گەرما و شێ‌ و شێوازی عەمباركردنی زیانی پێدەگەیەنێت زو خراپ دەبێت، هەروەها بەهۆی بەكارهێنانی ماددەی قڕكەرەكانەوە بۆ پاراستنی لە قرتێنەرەكان (مشك و جرج) مادەی سۆلانین و ئەلفا كانونین، دایۆكسین و سلیكات دروست دەكات، كە مادەی ژەهرییە و زیانی بە تەندروستی مرۆڤ دەگەیەنێت.

ئاماژە بەوەشكراوە، دوای دەستگرتن بەسەر بڕێكی زۆر پەتاتەدا بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی تەواوی پەتاتەكە لەناودەبرێت و خاوەنەكەشی روبەڕوی رێكاری یاسایی دەكرێتەوە.

 

No description available.

No description available.