سەردێر

وتەبێژی نوێی گۆڕان دیاریكرا

خەڵك-
دلێر عەبدولخالق رێكخەری ژووری رۆژنامەوانی بزوتنەوەی گۆڕان بە وتەبێژی نوێی بزووتنەوەكە دیاریكرا.

بەپێی زانیاریەكانی (خەڵك) دوای ئەوەی ئەمڕۆ جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان كۆبووەوە، دلێر عەبدولخالق رێكخەری ژووری رۆژنامەوانی بزوتنەوەی گۆڕان بە وتەبێژی نوێی بزووتنەوەكە دیاریكرا.

لە یەكەم لێدوانیدا وەك وتەبێژ دلێر عەبدولخالق بۆ ڕۆژنامەنوسان ئاماژەی بەوەكرد بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی بڕیاردرا لە زوترین كاتدا پۆستە بەتاڵەكان و بەرپرسیارێتییە رێكخراوەییەكەیان لە خانە و ئۆرگانەكانی دیكە پڕ بكرێنەوە.

پێشتر هەریەك لە جەلال جەوهەر و شەمال عەبدولوەفا و عەدنان عوسمان دەستلەكاركێشانەوەیان پێشكەشی رێكخەری بزوتنەوەكە و خانەی راپەڕاندن كردبوو، كە هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەكەیان پەیوەست بووە بە رەخنەگرتن لە سیاسەتی ئێستای بزوتنەوەكە.

دوابەدوای ئەوانیش، هەریەك لە شەماڵ عەبدولوەفا و جەلال جەوهەر و دەرباز محەمەد لە ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی گۆڕان دەستیان لەكاركێشایەوە.