سەردێر

حكومەتی هەرێم كاتی دابەشكردنی مووچەی مانگی 2 ئاشكرادەكات

خەڵك-
سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، كە دۆخی دارایی هەرێم باشتر بووە و دەشڵێت: “پلان وایە لە 25ی مانگی داهاتوو دەست بە مووچەی مانگی شوبات بكرێت”.

د. عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی حكومەتی هەرێم لە چوارچێوەی بەرنامەیەكی كەناڵی (ڕووداو) ڕایگەیاند، بارودۆخی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان باشتر بووە و ئەوەش بەشی ئەوە دەکات، کە ئێمە بتوانین ئیدارەی هەرێمی کوردستانی پێبکەین.

ڕاشیگەیاند، هەموو هەوڵێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی، وەزارەتی پلاندانان و ئەنجوومەنی وەزیران ئەوەیە لەکاتی خۆیدا مووچە دابەش بکرێت.

وتیشی، “بەدڵنیاییەوە لەو چوارچێوەیەی، کە پێشتر بڕیاردرابوو، کە ئێمە لەمەودوا وەکو پلانێک بتوانین لە 30 ڕۆژ جارێک مووچە بدەین بەپێی داهاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان”.

عەبدولحەکیم خەسرۆ ئاماژەی بەوەشکرد، “پلان وایە 25ی مانگی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێتەوە”.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە حكومەتی هەرێم تەنها 5 مووچەی ساڵی 2020ی دابەشكرد (ئەویش 4 مووچەی بە لێبڕینەوە) و 7 مووچەشی پاشەكەوت كرد و لە ئێستاشدا مووچەی مانگی 1ی ئەمساڵ بە لێبڕینی 21% دابەشكراوە و بەرچاوی فەرمانبەرانیش ڕوون نییە، كە ئاخۆ مانگەكانی داهاتوو چەندەیان لێ‌ دەبڕدرێت.